کۆمیسیۆن داواکارە دەنگدەران کارتەکانیان وەرگرنەوە

کارتی دەنگدان
کارتی دەنگدان

نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوا  لە دەنگدەرانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکات سەردانی بنکەکانی بایۆمەتری بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانی دەنگدان.

نووسینگەکە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و داواکارە لەو دەنگدەرانەی تاوەکوو 10/3/2024 لە بنکەکانی کۆمیسیۆن تۆمارەکانی بایۆمەتریان نوێ کردووەتەوە، دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدان.

هەروەها ڕایگەیاندووە، بنکەکانی سەر بە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژانە لە یەکشەممە تاوەکوو پێنجشەممە لە کاتژمێر هەشتی بەیانیانەوە تاوەکوو سێی دوا نیوەڕۆ کراوەن و پێشوازی لە هاووڵاتییان دەکەن.

هەروەها لە کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەممە، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق چەند بڕیارێکی پەسەند کردووە، لەوانە بڕیاری دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە هەرێمی کوردستانی بە سەر چوار بازنەی هەڵبژاردن (هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە) دابەشکراوە و 95 کورسی گشتی و 5 کورسی بۆ پێکهاتەکانی مەسیحی و تورکمان تایبەت کراوە بەمشێوەیە:

بازنەی پارێزگای هەولێر

32 کورسی گشتی

1 کورسی پێکهاتەی مەسیحی

1 کورسی پێکهاتەی تورکمان

بازنەی پارێزگای سلێمانی

36 کورسی گشتی

1 کورسی پێکهاتەی مەسیحی

1 کورسی پێکهاتەی تورکمان

بازنەی پارێزگای دهۆک

24 کورسی گشتی

1 کورسی پێکهاتەی مەسیحی

بازنەی پارێزگای هەڵەبجە

3 کورسی گشتی

هەر بە گوێرەی بڕیارەکان، کاندیدانی کورسی تایبەت بە کۆتای مەسیحی و تورکمان بەشێوەی تاکە کەسی دەبێت لە چوارچێوەی بازنەکانی هەڵبژاردن، هەر کاندیدێک زۆرترین دەنگ بەدەست بێنێت دەبێتە براوەی کورسییەکە.

هەروەها دەنگدەرانی پێکهاتەکان دەبێت لە سنووری بازنەی خۆیان دەنگ بدەن.

دواجار کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە ڕۆژی 5ی ئەیلوولی ئەمساڵی پێشنیازکردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment