وەزارەتی ناوخۆ: هێرشکارانی سەر خواردنگە و کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی بەغدا ئەندامانی ئەمنین

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی لە کۆتایی مانگی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک کۆمپانیا و خواردنگەی ئەمەریکی لە بەغدا، "سەر بە دەزگایەکی ئەمنین و مەبەستیان بووە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بگەیەنن".

لە ڕۆژانی 26 بۆ 30-05-2024، ژمارەیەک هێرشێکی چەکداریی جۆراوجۆر کرانە سەر هەردوو خواردنگەی کەی ئێف سی و چلی هاوس لیز و پەیمانگەی کامبرێج لە ناوچەی شەقامی فەڵەستین و لقێکی خواردنگەی کەی ئێف سی و کۆمپانیای کاتەرپیلەر لە ناوچەی جادرییەی بەغدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 04-06-2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێرشانە لەلایەن "ژمارەیەک کەس" بە بەکار‌هێنانی حەوت ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێک کراون. ئاماژە بەوەش کراوە، لیژنەکانی لێکۆڵینەوە توانیویانە، ناو و شوێنی کار و نیشتەجێبوونی بکەری هێرشەکان ئاشکرابکەن و بە گوێرەی ماددەی چواری یاسای دژە تیرۆر دەستگیرکراون.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە، بەشێک لەو تۆمەتبارانەی هێرشەکانی هەردوو ناوچەی فەڵەستین و جادرییەی بەغدایان کردووە، "سەر بە دەزگایەکی ئەمنین" و هێرشەکانیان بە مەبەستی "زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" کردووە.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا "دانیان بەوەدا ناوە لەگەڵ کۆمەڵێک تۆمەتباری هەڵهاتوودا" بەشدارییان لە هێرشەکاندا کردووە. ئەوەش خراوەتەڕوو، بە بڕیاری دادوەر، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک تۆمەتباری دیکە دەرچووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و بە گوێرەی ڕێکارە یاساییەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.