شاخەوان عەبدوڵڵا: سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا کاریگەری لەسەر پەسەندکردنی بودجە هەبوو

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا بوو بۆ بەغدا هەر ئەوە بووە هۆی ئەوەی کاریگەری لەسەر پەسەندکردنی بودجە هەبێت.
سێشەممەی ئەمڕۆ،4ـی حوزەیرانی 2024، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بابەتی بودجەی ئەمسال هەر لە سەرەتاوە هاتە پەرلەمانی عێراقەوە، دەنگێکی ناڕەزایی زۆری لێککەوتەوە لەسەر ئەو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کە زیاد کراوە، هەرچەندە بابەتەکە بەو شێوازە نەبوو، تێکڕای بودجەی عێراق زیادی کردبوو.
بەگوتەی ئەو جێگری سەرۆک پەرلەمانە، "هەر بەو پێیەی تێکرای بودجەی عێراق زیادی کردبوو، دەبێت ئۆتۆماتیکیش بەشە بودجەی هەرێم زیاد بکات لەو بەشەی عێراق، بەڵام هەوڵ دەدرا کە شێوازێکی وا دروست بکرێت، بۆ ئەوەی دەست بۆ ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرن".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "ئامانجی ئەوان ئەوە بوو کە ئەو پارەیە بگوازنەوە بۆ پارێزگاکان، بەڵام چۆن بیگوازنەوە؟ دەیانویست لە بەشی هەرێمی کوردستان بیگوازنەوە، لە سندوقی گەشەپێدان و وەزارەتی بازرگانی بیگوازنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان سەری نەگرت ئەویش بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار، یەکەمیان لەسەر بابەتی بودجەی هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتاوە ئێمە قسەمان لەگەڵیان کرد کە ڕێگە نادەین دەست بۆ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان ببرێت".
"سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ بەغدا زۆر گرنگ بوو، کاتی سەردانەکەی لەکاتی گفتوگۆ و قسە کردنی لیجنەی دارایی خشتەی بودجە بوو، هەرکەس سەرۆکوەزیران لە نزیکەوە بناسێت، دەزانێت کەسێکی چەند وردە لەبواری دارایی و نەوتدا شارەزایەکی باشیشی هەیە، هەر کاتێک لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆ دەکات، بە داتا و ژمارە باس لە چەوساندنەوە و مافەکانی کورد دەکات، وای کرد کە سەرجەم لایەنەکان تێبگەن کە غەدرێک لە هەرێمی کوردستان دەکەن".