ئایدن مەعروف: دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان بڕیارێکی سیاسیی و حزبییە

ئایدن مەعروف وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێکهاتەکان
ئایدن مەعروف وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێکهاتەکان

وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێ: کەمکردنەوە و دابەش و پەسەندکردنی کورسیی تایبەت بە پێکهایەکان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، بڕیارێکی سیاسیی و حزبییە.

ئایدن مەعروف گوتی: ئێمە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پەسەندکردنی پێنج کورسیی کۆتای پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕەت دەکەینەوە، چونکە بڕیارێکی سیاسییە و ژمارەی دانیشتووانی تورکمانەکان لە هەولێر لەبەرچاو نەگیراوە و تەنیا یەک کورسیمان بۆ تەرخانکراوە، لە کاتێکدا لە دوای پارێزگای کەرکووک، زۆرترین تورکمان لە سنووری پارێزگای هەولێر نیشتەجێن.

گوتیشی: نەتەوەی تورکمان لەو کورسییەی بۆ پارێزگای سلێمانی زیادکراوە هیچ گرفتێکمان نییە، ئەگەر بۆ تورکمانەکانی کفری بێت، بەڵام یەک کورسی بۆ ئەو ژمارە زۆرەی تورکمان لە هەولێر هەیە زۆر کەمە، هەربۆیە نە دادگای باڵای فیدراڵ و نە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هیچ ماف و داواکاریی نەتەوەی تورکمانیان لەبەرچاو نەگرتووە و ئەو دابەشکارییەی کراوە سەپاندنی بڕیارێکی سیاسییە بۆیە ڕەتیدەکەینەوە.

هەروەها ئاماژەی دا، بەشێوەیەکی گشتی ئەو پێنج کورسییەی بۆ پێکهاتەکان دانراوە کەمە، چونکە هەردوو پێکهاتەی تورکمان و مەسیحی ژمارەیان زۆر زیاترە لەو کورسیانەی بۆ کۆتا دانراوە، ئەمە جیا لەوەی بوونی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە پێکەوە ژیاندا، بەڵام ئەو دابەشکارییەی کراوە سیاسییە و بەشێوەیەک کراوە کە لەسەر بنەمای نەتەوە و ئایین و جوگرافیا بێت، ئەمەش مەرامێکی سیاسییە و کەمکردنەوەی بەها و پێگەی پێکهاتەکان و پێکەوە ژیانە لە هەرێمی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment