ڕێگریی لە پشکنەرانی وزەی ئەتۆم باجی قورسی بۆ ئێران دەبێت

ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کۆبوونەوەی هەفتەیی خۆی بە نیگەرانی دەربڕین لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەست پێ کرد و هۆشداریان بە تاران دا ئەگەر بەردەوام بێت لە ڕێگریی لە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتییەکە ئەوە باجێکی قورسی دەبێت.
ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، هەر یەک لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا جارێکی دیکە داوایان لە ئێران کردووە سەرچاوەی ئەو یۆرانیۆمە ئاشکرا بکات کە لە سێ وێستگەی ڕانەگەیەندراوی پیتاندنی یۆرانیۆمدا دۆزراوەتەوە.
داواشیان کردووە تاران قەدەغەی پشکنین لەسەر پشکنەرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی هەڵگرێت و ڕێگەیان پێ بدات نموونە تاقیگەیی لە وێستگەکان هەڵبگرن.
هەر لە هەڵوێستە هاوبەشەیاندا جەخت دەکەنەوە کە دەبێت ئێران لە چوارچێوەی بڕیارنامەی تشرینی دووەمی 2022 دا وەڵامی ئەو پرسیارانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بداتەوە کە لە ساڵی 2019ـەوە چاوەڕێی وەڵامە لە سەر دۆسیەی ئەتۆمی ئەو وڵات، هۆشداریشیان داوەتە تاران ئەگەر نا، گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران زیاتر دەبن.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دوو ڕۆژە لە ڤییەننا دەستی پێکردووە و بۆ پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا نیگەرانیی خۆی لەوە دەربڕی کە تا ئێستاش ئێران ڕێگەی بە پشکنەرە بەئەزموونەکانی ئاژانسەکە نەداوە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە بپشکنن.
بە گوتەی گرۆسی، ئێران یەدەگی یۆرانیۆمی بە ڕێژەی 60٪ پیتێنراوی زیاد کردووە و لە سێ ساڵی ڕابردوودا ئاژانس نەیتوانیوە زانیارییەکانی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نوێ بکاتەوە.
دەشڵێت، من نیگەرانم لەوەی ئێران هەموو کەرەستەیەکی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە، ئەگەر بڕیاری لەسەر بدات.
محەمەد ئیسلامی، بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێرانیش سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی دادوەران و هاوکاری لەگەڵ ئاژانس ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی 2015 دەرچوو، تارانیش ڕێگەی نەدا لایەنەکانی دیکە بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
هەروەها لە نیسانی ڕابردوودا، کەماڵ خەڕازی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ستراتیجی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، ئەگەر هەست بە هەر هەڕەشەی دەرەکی لەسەر وڵاتەکەیان بکەن، ئەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دەگۆڕن.
عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ئێران کە دوای مردنی سەرککۆماری وڵاتەکەی باس لەوە دەکرێت بەرپرسیاریەتیی دۆسیەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی پێ بدرێت، لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، ئەگەر بڕیارنامەکەی وڵاتانی ئەوروپا پەسند بکرێت، وەڵامی تاران توند و کاریگەر دەبێت.