باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی لە ئیستەنبوڵ چۆڵ کرا

بەشێک لە باڵەکۆنەی باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی لە ئیستەنبوڵ داڕما و لە ترسی داڕمانی تەواوەتی، باڵەخانەکە لە دانیشتووانەکەی چۆڵ کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 04-06-2024، بەشێک لە باڵەکۆنەی باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی لەگەڕەکی زافەر لە ناوچەی باخچەلیئێڤلەری ئیستەنبوڵ داڕما و تیمە پەیوەندیدارەکان وەک گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست 11 شوقەکەی باڵەخانەکەیان بە دانیشتووانەکەی چۆڵ کرد و دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە سەلامەتی باڵەخانەکە.
دەوروبەری باڵەخانەکە بە پشتێنەی ئەمنی داخراوە و تیمەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی کارەکانیان. بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری شارسازیی سەر بە شارەوانیی باخچەلیئێڤلەر ڕایگەیاند، تیمە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کێشانەی لە باڵەخانەکەدا دروست بوون.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە، 2ی حوزەیرانی 2024، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی سێ نهۆمی لە ناوچەی کوچەک چەکمەجەی بەشی ئەوروپای شاری ئیستەنبوڵ داڕما و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی سپارد و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.