هاوسەرۆکی دەم پارتی: ڕێگە بەعەقڵییەتی سەپاندنی قەیوم نادەینەوە

تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی
تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی

تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی دانانی قەیوم بەسەر شارەوانی جۆلەمێرگ ڕایگەیاند، جۆلەمێرگ جێناهێڵین و چیتر ڕێگە بە عەقڵییەتی دانان و سەپاندنی قەیوم بە سەر سەرۆک شارەوانییە کوردەکان نادەین.

تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێ: وا بیر دەکەنەوە بێدەنگ دەبین و ڕێگەیان پێدەدەین قەیوم بسەپێنن، بەڵام هەرگیز بێدەنگ نابین و جۆلەمێرگ جێناهێڵین تا ئەو کاتەی دووبارە ئیدارە خۆجێییەکان بەدەستدێنینەوە.

گوتیشی: ئیدی بەسە، ئەم دوژمنکارییە و نادادپەروەرییانە بەس بێت. ئەو نەرمی نواندن و ئاسایی بوونەوەی بانگەشەیان بۆ دەکرد مەبەستیان دانانی قەیوم بوو بەسەر جۆلەمێرگ.

ڕاشیگەیاند، چۆن بەرگریمان لە وان کرد، بەهەمان شێوەش بەرگریی لە جۆلەمێرگ دەکەین و بانگەوازێک ئاراستەی دۆست و برادەرانمان دەکەم، ئەم پەیامەم بۆ هەموو ئەو کەسانەیە کە ئاشتی و دیموکراسییان دەوێت، خەباتمان بەردەوام دەبێت.

هەروەها ناچۆ سانچێز ئامۆر بڕیاردەری پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە نووسینی پەیامێک بە ناونیشانی "دیسان دەستی پێکرد" ڕەخنە لە سیاسەتی تورکیا گرتووە لە سەر دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان و ڕایگەیاندووە، دەستگیرکردنی محەممەد سادق ئاکش، سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان و سەپاندنی قەیوم لە شوێنی ئەو ڕەت دەکەینەوە، چونکە بەلاوەنانی ئیرادەی خەڵکە و هێرشکردنە بۆ سەر بنەما دیموکراسییەکان.

محەممەد سادق ئاکش بەتۆمەتی سکاڵایەکی یەکلا نەکراوە دەستگیرکراوە گوایە لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکوو ئێستا ئەو سکاڵەیە بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە، دوای دەستگیرکردنی ئاکش، وەزارەتی ناوخۆ تورکیا سەرۆک شاروانییەکی بە قەیوم لە شوێنی داناوە.