پەرلەمانی عێراق هەمواری دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کرد

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

پەرلەمانی عێراق یاسای هەمواری دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی بە مەبەستی پەسەند کردن، ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کرد.

ڕۆژی سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024) ئەمیندارێتیی گشتیی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: یاسای هەمواری دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی ڕەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کردووە بۆ پەسەندکردن.

بەپێی ڕێکارە یاساییەکانیش، دوای ئەوەی سەرۆککۆماری عێراق یاساکەی پەسەند کرد، ڕەوانەی ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی دەکرێت بۆ بڵاوکردنەوە و دواتریش ڕاستەوخۆ دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە.

ڕۆژی (22ـی ئایاری 2024) پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای دووەم هەمواری یاسای ژمارە 31ـی ساڵی 2019ـی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی خستە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.

بەگوێرەی یاساکە، ماوەی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ شەش مانگ درێژ کرایەوە  کە 7ـی تەمموزی ئەمساڵ کۆتایی دەهات.