هەولێر سەوزتر دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان دەڵێت، رێژەی سەوزایی لەنێو هەولێر لە سەدا 20 نزیکبووەتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان دەڵێت، رێژەی سەوزایی لەنێو هەولێر لە سەدا 20 نزیکبووەتەوە

بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر داواکاری هاووڵاتییان تاکو ئیستە 400 دارمان داوە پێیان تاکو لەبەردەم ماڵەکانیان بیچێنن، لای خۆشییەوە کارزان هادی دەڵێت، "ئەگەر هاووڵاتییان پابەند بن بە چاندنی دار لەبەردەم ماڵەکانیان ئێستە ژینگەی شارەکەمان جۆرێکی دیکە دەبێت".

چوارشەممەی ئەمڕۆ، 5ـی حوزەیرانی 2024، دڵشاد محەممەد، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی ژینگەدا، هەر هاووڵاتییەک دەیەوێت دار لەبەردەم ماڵی خۆیدا بچێنێت، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکات ئێمە داری بێ بەرامبەر پێ دەدەین.

گوتیشی، "پێشتر هاووڵاتییان ڕێنمایی ژینگەیان پێ دراوە کە دەبێت لەبەردەم ماڵەکانیاندا دار بڕوێنن و تاکو ئێستە نزیکەی 400 دارامان داوە بە هاووڵاتییان لەسەر داواکاری خۆیان کە لەبەردەم ماڵەکانیاندا بیچێنن".

لای خۆیەوە کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتی، "لە ڕابردوودا ڕێنماییەک بۆ هاووڵاتیان دەرکرا، کە هەرخانوویەک دروست دەکرێت دەبێت دوو دار لەبەردەم ماڵەکەیدا بچێنێت، لە کاتی ڕێپێدانی دروستکردنی باڵەخانە و خانوو بارمتە وەردەگرین، ئەگەر ئەو خانووە یاخود باڵەخانەیە تەواو بوو لای خۆمانەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەین، بۆ ئەوەی ببینین هیچ سەوزاییەک کراوە یاخود دارێک چێندراوە، بەڵام بەداخەوە هاووڵاتییان تا ئێستە نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە هۆشیار بن، چونکە دارەکە هەڵدەکێشن، یاخود دەیبڕنەوە یان ئاوی نادەن، بەهەر جۆرێک بێت لەناوی دەبەن و پابەند نابن".

بەگوتەی ئەو، "بوونی دار کەشوهەوایەکی پاک بە گەرەکە یاخود شوێنەکە دەدات، جگە لە ژینگەیەکی جوان و خاوێنیش، خۆ ئەگەر هاووڵاتییان پابەند بن، ئیستە ژینگەی شارەکەمان جۆرێکی دیکە دەبوو".

کارزان هادی دەڵێت: "ساڵی پار لای خۆمانەوە دارمان دابەش دەکرد بەسەر هاووڵاتییان بۆ ئەوەی بیچێنن، بەڵام هاووڵاتییان بەهیچ جۆرێک پابەند نابێت لە کاتێکدا ئەو دارە سوود بەخۆی و ژینگەکەی دەگەیەنێت، بەڵام ئێمە لەڕێگەی فەرمانگەی پارک و باخچەکانمانەوە تیشکمان خستووەتە سەر هەزاران دار و ڕواندنی هەزاران گوڵ بۆ ئەوەی زۆرترین سەوزای هەبێت لە کوردستان".

دەشڵێت: "پلانی دیکەمان هەیە بە پێی توانا داراییەکانمان هەوڵدەدەین ڕێژەی سەوزایی زۆرتر کەین".

سەبارەت بە شەقامی 100مەتری لای پێشانگاکان، کارزان هادی ڕایگەیاند، ئەو شەقامە بەرنامەی دووبارە نۆژەنکردنەوەمان هەیە لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی ئەو شەقامە ڕێژەی سەوزاییش لەوێ زیاد دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment