گرووپێکی نوێی دەگمەنی خوێن لە عێراق دۆزرایەوە
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دۆزینەوەی گرووپێکی دەگمەنی خوێنی لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیی و جیهاندا ڕاگەیاند کە گرووپە نوێیەکەی خوێن بەناوەکانی Bombay phenotype, Oh, HH ناسراوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، لەلایەن یەکەی پێشکەوتووی پشکنینی بەرگری خوێن، سەنتەری نیشتمانیی گواستنەوەی خوێن، بەشی کاروباری تەکنیکی کە هەموویان سەر بە وەزارەتی تەندروستین جۆرێکی دەگمەنی خوێنیان دۆزیوەتەوە، ئەمەش دەبێتە یەکەم کەس لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی کە هەڵگری ئەم جۆرە دەگمەنەی خوێن بێت.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراقدا هاتووە، پشکینین و لێکۆڵینەوەکانیان پێشکەشی لجنەکانی توێژینەوەی نێودەوڵەتی کردووە و ئەنجامەکان بە تەواوی پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەوەی دۆزراوەتەوە جۆرێکی دەگمەنی خوێنە.
لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی عێراق حاڵەتەکەی بە دەستکەوتێک ناوبردووە و پیرۆزبایی لە عێراقییەکان کردووە.
لە بارەی ئەو گرووپە دەگمەنەی خوێن، لە ماڵپەڕی ناوەندی کتێبخانەی گشتیی نیشتمانی زانستی پزیشکی ئەمەریکا توێژینەوەیەکی فراوانی لەسەر ئەو جۆرە دەگمەنەی خوێن بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، یەکەم حاڵەت لە شاری بۆمبای هندستان دۆزراوەتەوە، هەروەها لە کۆی 10 هەزار هاووڵاتیی هندی، یەکێک هەڵگری ئەم جۆرە خوێنەیە، لە ئاستی ئەوروپاش لە یەک ملیۆن کەس تەنیا یەک کەس ئەم جۆرە خوێنەی هەیە.
هەر بە گوێرەی توێژینەوەکان هەڵگری ئەو جۆرە خوێنە دەگمەنە لە حاڵەتی پێویست بوون تەنیا دەتوانێت خوێن لە هاوگرووپی خوێنی خۆی وەربگرێت، چونکە هیچ جۆرێکی دیکە خوێن بۆی نابێت.
