هێرشی چەکداریی کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان

هێرشی چەکداریی کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیرووت. سوپای لوبنانیش دەڵێت، هێرشکەرێکیان "بریندار" کردووە.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-06-2024، هێرشێکی چەکداریی کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان.
هەرچەندە مێدیا خۆجێیەکانی لوبنان ڕایانگەیاند، هێرشەکە لەلایەن سێ چەکداروە کراوە و چەکدارێک لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی باڵیۆزخانەکە کوژراوە، بەڵام سوپای لوبنان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەو چەندەی ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت، یەک چەکدار هێرشەکەی کردووە، "هەڵگری ناسنامەی سووری" بووە و لەلایەن ئەندامانی سوپاوە "بریندار" کراوە.
هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیروت، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، "هێرشەکە لەلایەن گرووپێکی سێ کەسییەوە کراوە و چەکی سووک بەکارهێندراوە". دووپاتیشی کردووەتەوە، سەرجەم دیپلۆماتکار و کارمەندانی باڵیۆزخانەکە "بەهۆی دەستوەردانی سوپای لوبنان و دەزگا ئەمنییەکان سەلامەتن".
باڵیۆزخانەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ حکوومەت و دەسەڵاتدارانی لوبنان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە لە هەماهەنگیدان.