لە دیوانییە هێرشکرایە سەر پەیمانگەی کامبریج و کەسێک بریندارە

سەرچاوەیەکی ئەمنی، ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشکردنە سەر پەیمانگەی کامبریج بۆ فێربوونی زمان، لە پارێزگای دیوانیە کەسێک بریندار بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5-6-2024، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند، "هێرش کراوەتە سەر پەیمانگای کامبریج بۆ فێربوونی زمان لە ناوچەی ئەلعروبە لە پارێزگای دیوانیە".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێرشەکە لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کە بە ماتۆڕسکیل بووە بە نارنجۆک کراوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی یەکێک لە پاسەوانەکانی پەیمانگەکە، هاوکات چەکدارەکەش هەڵاتووە".
جەختیشی کردەوە، "هێزە ئەمنییەکان ڕێوشوێن بۆ بەدواداچوون لەسەر ڕووداوەکە دەگرنە بەر لە ڕێگای کامێری چاودێرییەوە".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، "لە ڕۆژانی 26، 27، و 30ـی ئایاری 2024، لە بەغدا بە بۆمب هێرشکرایە سەر چێشتخانەی "KFC"، چێشتخانەی "گلی هاوس لایز" و پەیمانگای کامبریج لە شەقامی فەڵەستین، و چێشتخانەی "KFC" و کۆمپانیای کاتەرپیلەر لە ناوچەی کەرادە لە جادریە، هێرشەکە لەلایەن کەسانێکەوە کراوە کە ماتۆڕسکیلیان پێبووە.
دوای کۆکردنەوەی زانیاری دروست، ناوی تۆمەتباران و شوێنی کار و شوێنی نیشتەجێبوونیان دیاریکرا و بابەتەکە خرایە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی بڕگەکانی ماددەی 4ـی تیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.
مەفرەزەکانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارەیەک تۆمەتباریان دەستگیرکرد، کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کە لەگەڵ کۆمەڵێک تۆمەتباری هەڵهاتوودا بەشدارییان لە کردەوەی تێکدەرانەدا کردووە.
وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، بەشێک لە تۆمەتباران سەر بە یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانن، و بەمەبەستی ڕەوانەکردنیان بۆ دادگاکانی پەیوەندیدار دەستگیرکراون.