لەگەڵ دادگایی کردنی سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ هەموو چالاکییەکیش قەدەغە کرا

لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێکارێکی توندی ئەمنی ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی حوزەیرانی 2024، لە لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی جۆلەمێرگ یەکەم دانیشتنی دادگایی کردنی محەممەد سدیق ئاکش سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ کە لە پشکی دەم پارتییە بەتۆمەتی سکاڵایەک گوایە لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکوو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە دەستگیرکراوە و دادگایی دەکرێت، دانیشتنەکەی ئەمڕۆش 61ـەمین دانیشتنی دادگایی کردنی محەممەد سدیق ئاکشە و پۆلیس لە دەورووبەری دادگا ڕێکاری توندی ئەمنی گرتووەتەبەر بۆ ڕێگری لە چالاکییەکی خۆپیشاندان یان گردبوونەوە و ناڕەزایی دەربڕین.
بە گوێرەی مێدیاکانی تورکیا بڕیارە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگای جۆلەمێرگ دوایین دانیشتن بێت بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو دۆسیەی سەرۆکی شاروانی جۆلەمێرگ.
دوو ڕۆژە سەرۆکێکی شارەوانی بە بڕیاری قەیوم لە جۆلەمێرگ دەستبەکاربووە، هاوکات ناڕەزایی دەربڕینی هاووڵاتییانی باکووری کوردستان بە تایبەت لە جۆلەمێرگ لە دژی سەپاندنی قەیوم لەو پارێزگایە بەردەوامە.
هەروەها بۆ ڕێگری لە دروستبوونی خوپیشاندانی فراوانی جەماوەری بڕیاری قەدەغەی چالاکیی و خۆپیشاندان لە دیاربەکر و وان درێژکرانەوە.
مێدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، لە پێناو ڕێگری لە هەر جۆرە خۆپیشاندان و چالاکییەکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دژی لەکارلادانی محەممەد سدیق ئاکش و سەپاندنی قەیوم بەسەر شارەوانی جۆلەمێرگ، پارێزگای دیاربەکر قەدەغەی هەموو چالاکییەکی بۆ سێ ڕۆژ درێژ کردووەتەوە هاوکات لە پارێزگای وان بڕیاری قەدەغەکردنەکە بۆ دوو رۆژی دیکە بەردەوام دەبن.
بڕیارەکانی درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی هەموو چالاکییەک دوای ئەوە دێت کە دەم پارتی داوای لە لایەنگرانیی و هاووڵاتییانی باکووری کوردستان کردووە بە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی بڕیاری سەپاندنی قەیوم ڕەت بکەنەوە.