عەبدولرەزاق خەیلانی: پلانی خۆگونجاندمان لەگەڵ گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا ئامادە کردووە

عەبدولرەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان
عەبدولرەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان

عەبدولرەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر ژینگە دروستکردووە، هەر بۆیە لیجنەیەکمان دامەزراندووە کە نوێنەری هەموو وەزارەتەکانی تێیدایە، تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2024، عەبدولرەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەسەر بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا ماوەیەکی زۆر کارمان لەسەر کردووە، بەتایبەت گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، لەبەر ئەوەی بە بابەتێکی گرنگی دەزانین، هەربۆیە کارمان لەسەر لیجنەی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا کرد و دامان مەزراند.

ئەو گوتەبێژە گوتی، "ئەو لیجنەیەی کە دامەزراوە نوێنەری هەموو وەزارەتەکانی تێدایە، هەروەها لەبەر گرنگی بابەتەکە فەرمانگەی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوامان دروستکرد کە لە ڕابردوودا ئەو فەرمانگەیەمان نەبوو، بەڵام ئێستە لەبەر بایەخی زۆری ئەو بابەتە دروستمانکردووە بۆ ئەوەی ئیش و کارەکان بە باشی بەڕێوەبچێت".

"گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ژینگە، بەتایبەت لە ئیستە پلانی خۆگونجاندمان لەگەڵ گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا ئامادە کردووە بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، لەم ماوەشدا دەستمان کرد بە دانانی پلانی دەرهاویشتەکان کە لەلایەن وەزارەتەکانەوە پێویستە دابنرێت، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند دەتوانین ئەو دەرهاویشتانە کەم بکەینەوە کە هەندێک لەوەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بن، بە جێبەجێ کردنی ئەو پلانە". عەبدولرەزاق خەیلانی وا دەڵێت.