کۆتایی ئەمساڵ کارکردن لە ڕێگای کەلار - دەربەندیخان تەواو دەبێت
کارکردن لە ڕێگای کەلار - دەربەندیخان دەستی پێ کردووەتەوە
دوای چەندین جار وەستانی پرۆژەی ڕێگای کەلار - دەربەندیخان، جارێکی دیکە کارکردن لە پرۆژەکە دەستی پێ کردووەتەوە. بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی گەرمیانیش دەڵێت، ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێشەوە، تا کۆتایی ئەمساڵ قۆناغی دووەمی پرۆژەکە تەواو دەکرێت.
دوای چەندین جار وەستان و دواکەوتنی پرۆژەکە، جارێکی دیکە بە شێوەیەکی چڕ کارکردن لە قۆناغی دووەمی ڕێگای کەلار - دەربەندیخان دەستی پێ کردووەتەوە کە درێژییەکەی 41 کیلۆمەترە و بە گوژمەی زیاتر لە 138 ملیار دینار جێ بەجێ دەکرێت.
عەدنان خەلیل، بەڕێوبەری ڕێگاوبانی گەرمیان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زیاتر لە سەدا 70ـی کارەکانی ڕێگاکە تەواوبوون و نزیکەی 35 پردی تێدایە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هیچ گرفتێک نەیەتە پێشەوە، کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواو دەکرێت کە ڕێگای سەرەکیی نێوان گەرمیان - سلێمانییە.
ڕێگای کەلار - دەربەندیخان، بەهۆی کۆنی و خراپی ڕێگاکە لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین رووداوی هاتوچۆ لەو رێگایە روویانداوە زیانی زۆری گیانی لێکەوتووەتەوە، هاوکات رێگای هاووڵاتییانی ئەو سنوورە بۆ سلێمانی دوور کردووەتەوە، ئێستا دانیشتووانی گەرمیان و شوفێران چاوەڕێن پڕۆژەکە تەواو بکرێت.
عوسمان ناجی، شۆفێرە و ئاماژەی بەوە کرد، تەواوبوونی ڕێگاکە کارئاسانییەکی زۆریان بۆ دەکات و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆش.
تەواوبوونی ڕێگاکە بێجگە لەوەی کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ دەبێت، هاوکات کەرتی گەشتیاری و ئابووریی ناوچەکەش دەبووژێنێتەوە.