چەند کەسێکی دیکە لە هێرشکارانی سەر چێشتخانە و براندە بیانییەکان دەستگیر کران

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەسی دیکەی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر چێشتخانە و براندە بیانییەکانی بەغدا ڕاگەیاند.

چوارشەممە، 5ـی ئایاری 2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، کە لە پەڕەی فەرمی فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردەوە و ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیویانە "ژمارەیەک کەسی دیکە دەستگیر بکەن کە تۆمەتبارن لە ڕووداوەکانی هێرشکردنە سەر چێشتخانەکانی "کەی ئێف سی و براندە بیانییەکان لە بەغدا".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی ناوخۆ دەستیان بە ڕێکاری یاسایی پێویست کردووە بەرامبەر بەو کەسانەی کە دەستگیرکراون بۆ تەواوکردنی پەڕاوی لێکۆڵینەوەکانیان.

هەر بەیاننامەکەدا هاتووە، "دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی بڕگەکانی ماددەی 4ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بڕیاری دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکانی داوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ باقی ئەو تۆمەتبارانەی ئەم کارە نایاساییەیان کردووە".

 چوارشەممە، 5-6-2024، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە مێدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند، "هێرش کراوەتە سەر پەیمانگای کامبریج بۆ فێربوونی زمان لە ناوچەی ئەلعروبە لە پارێزگای دیوانیە".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "هێرشەکە لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کە بە ماتۆڕسکیل بووە بە نارنجۆک کراوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، "هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی یەکێک لە پاسەوانەکانی پەیمانگەکە، هاوکات چەکدارەکەش هەڵاتووە".

جەختیشی کردەوە، "هێزە ئەمنییەکان ڕێوشوێن بۆ بەدواداچوون لەسەر ڕووداوەکە دەگرنە بەر لە ڕێگای کامێری چاودێرییەوە".

دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، "لە ڕۆژانی 26، 27، و 30ـی ئایاری 2024، لە بەغدا بە بۆمب هێرش کرایە سەر چێشتخانەی "KFC"، چێشتخانەی "گلی هاوس لایز" و پەیمانگای کامبریج لە شەقامی فەڵەستین، و چێشتخانەی "KFC" و کۆمپانیای کاتەرپیلەر لە ناوچەی کەرادە لە جادریە، هێرشەکە لەلایەن کەسانێکەوە کراوە کە ماتۆڕسکیلیان پێ بووە.

دوای کۆکردنەوەی زانیاری دروست، ناوی تۆمەتباران و شوێنی کار و شوێنی نیشتەجێبوونیان دیاریکرا و بابەتەکە خرایە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی بڕگەکانی ماددەی 4ـی تیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.

مەفرەزەکانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارەیەک تۆمەتباریان دەستگیرکرد، کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کە لەگەڵ کۆمەڵێک تۆمەتباری هەڵهاتوودا بەشدارییان لە کردەوەی تێکدەرانەدا کردووە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، بەشێک لە تۆمەتباران سەر بە یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانن، و بەمەبەستی ڕەوانەکردنیان بۆ دادگاکانی پەیوەندیدار دەستگیر کراون.

 

Fly Erbil Advertisment