ئاوات شێخ جەناب: پشتگیریی هیچ پرۆژەیەک ناکەین بەبێ ڕەزامەندیی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست کرابێت

K24 – هەولێر:
وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامای دەستەی داکۆکیی لە سروشت و موڵکی سلێمانی گفتوگۆیان لەسەر دیاردەی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتیی و گرفتی ئەو پڕۆژانە کرد کە بەبێ مۆڵەت و بە سەرپێچی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست کراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە (5ـی حوزەیرانی 2024) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە شوان محەممەد و ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامانی دەستەی داکۆکیی لە سروشت و موڵکی سلێمانی.
لە دیدارێکدا، گفتوگۆ لەسەر دیاردەی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی و گرفتی ئەو پرۆژانە کرا کە بەبێ مۆڵەت و بە سەرپێچیی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست کراون.
لای خۆیەوە ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پشتگیریی هیچ پرۆژەیەک ناکەن بەبێ ڕەزامەندیی لەسەر موڵکی وەزارەتی دارایی دروست کرابێت، لەوانە هەموو ئەو پرۆژانەی لە بناری گۆیژە و ناوچەکانی تر کە بەبێ ڕەزامەندی و مۆڵەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا بێت؛ چ پرۆژەی نیشتەجێبوون بێت یان پرۆژەی بازرگانی و پیشەسازی بێت یان هەر پرۆژەیەکی تر .
لای خۆشیانەوە ئەندامانی دەستەی داکۆکیی لەسروشت و موڵکی سلێمانی سوپاسی ئەم هەڵوێستەی وەزیری داراییان کرد بۆ پشتیوانی و داکۆکیی لەسروشت و موڵکی سلێمانی دژی کاری نایاسایی و دەستدرێژی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی.