فەرماندەی هێزەکانی ئیتاڵیا لە کوردستان: هەموو هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان دەدەم

فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان و بە دەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانیان دەدەن.
لە بارەگای فەرماندەیی هێزەكانی ئیتاڵیا لە هەولێر، رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕ و ڕادەستكردنی ئەركی فەرماندەیی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان لە كۆڵۆنێڵ فرانسیسکۆ ئەنتۆنیۆ سیرافینی بۆ کۆڵۆنێڵ سیرۆ فۆرتی بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو ڕێوڕەسمەدا کە فەریق ڕوکن، عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا ڕوکن بەختیار محەممەد سدیق ئەمینداری گشتیی و لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، هەروەها لیوا ڕوکن محەممەد سەعید بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت و ژمارەیەك لە فهرمانده و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوون، کۆڵۆنێڵ فرانسیسکۆ ئەنتۆنیۆ فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئیتاڵیا بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە گوتەیەکدا، سوپاسی پێشمەرگە و ئەندامانی هێزی هاوپەیمانانی کرد بۆ کاری هاوبەش. گوتی، هەموو ئەو دەستکەوتانە بە کاری دڵسۆزانە و پیشەییانە لەلایەن یەکە سەربازییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان بەدی هاتوون. گوتیشی، شانازی دەکەم بەوەی کارم لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و دڵخۆشم کە بە هاوئاهەنگیی و هاوکاریکردن لەگەڵ هاوپەیمانان کارمان بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە کردووە.
دواتر کۆڵۆنێڵ سیرۆ فۆرتی، فەرماندەی نوێی هێزەکانی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان گوتی، شانازییەکی گەورەیە بۆ من ئەمڕۆ فەرماندەیی هێزەکانی ئیتاڵیا لە کوردستان دەکەم، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ بەردەستخستنی تواناکان و بنیاتنانی توانای هێزە هاوبەشەکان لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان و بە دەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان.
لەکۆتایی مەراسیمەکەدا، سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی فەرماندە و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا وەفا و پێزانینی هێزی پێشمەرگە و گەلی کوردیان پێیان ڕاگەیاند، بە تایبەت کە ڕاوێژکارانی ئیتاڵیا ڕۆڵی گاریگەریان هەبوو لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش.