وەزارەتی تەندروستی: دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆڵی گەورەی لە کاتی کارەسات و ڕووداوەکاندا هەیە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوی مەینی نەرویجی
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوی مەینی نەرویجی

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە ڕۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکات لە بوارە جیاجیاکانی خزمەتگوزاریی و هاوکاری مرۆیی و پاڵپشتی خزمەتگوزاریی تەندروستی، دەشڵێت، بەردەوام ڕۆڵی گرنگ و گەورەی هەیە لە فریاکەوتنی قوربانیانی قەیران و کارەسات و ڕووداوەکاندا.

ڕۆژی چوارشەممە (5ـی حوزەیرانی 2024)، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی لەگەڵ موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی مەینی نەرویجی بۆ هاوکاری مرۆیی و شاندی یاوەریان کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی، لە کۆبوونەوەکەدا هاوئاهەنگی زیاتر و بەردەستخستنی چارە و پێداویستییەکان بۆ هەژاران و هاوڵاتیانی کەمدەرامەت جەختی لێ کراوەتەوە. سوپاسی ڕۆڵی ڕێکخراوی مەینی نەرویجی کراوە کە لەساڵانی ڕابردوودا  هاوکار و هاوبەشێکی سەرەکیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرس و کارمەندەکانی کردووە کە ڕۆڵی گەورەیان لە بوارە جیاجیاکانی خزمەتگوزاریی و هاوکاری مرۆیی و پاڵپشتی خزمەتگوزاریی تەندروستیی هەبووە، بەتایبەتی لەکاتی قەیران و کارەسات و ڕووداوەکاندا.

 ڕێکخراوی مەینی نەرویجی لە پرۆژە هاوبەشەکانی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی،  پێشووتر 100 ملیۆن دۆلاریان بۆ دەرمان و پێداویستی پزیشکی، پێشکەش بە دامەزراوەکانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان کردووە.

 پێشتر دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی مەینی نەرویجی، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر یاداشتنامەی کاری هاوبەشیان نوێ کردەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیبراهیم سەمین، جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەگەڵ گایەر فێڵد، بەڕێوەبەری چالاکیی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوی مەینی نەرویجی لە هەولێر، بە ئامادەبوونی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یاداشتنامەی کاری هاوبەشیان نوێ کردەوە.

وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە، پێشووتر لە پرۆژە هاوبەشەکان، زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار، بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی، پێشکەش بە دام ودەزگاکانی تەندروستیی لە هەرێمی کوردستان کراوە.

پێستر، ئیبراهیم سەمین، جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، پێشتر هاوئاهەنگیمان لەگەڵ ڕێکخراوی مەینی نەرویجی هەبووە و نوێمان کردۆتەوە، هەر لە ڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەو ڕێکخراوە بایی 100 ملیۆن دۆلار پێداویستیی پزیشکی و دەرمانی بۆ دامەزراوەکانی تەندروستی هەرێمی کوردستان دابین کردووە.