پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: تیمی باڵیۆزخانەکەمان لە لوبنان سەلامەتن

K24 – واشنتن:
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا "پێنتاگۆن" ڕایگەیاند، تیمی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان، دوای هێرشە چەکدارییەکەی ئەمڕۆ سەلامەتن و هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە. سابرینا سینگ ئاماژەی بەوە دا، سوپاسی هێزە چەکدارەکانی لوبنان و هێزە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2024، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا پێنتاگۆن، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان گوتی: چاودێریی ڕووداوەکە دەکەین و پێشنیاز دەکەم پرسیار لە وەزارەتی دەرەوە بکەی تا لەبارەی هێرشەکە ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات.
جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە دا، "هێرشەکە لە نزیک باڵیۆزخانەکەمان بوو و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت، سوپاسی هێزە چەکدارەکانی لوبنان و هێزە ئەمنییە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە لەوێ بوون و تیمی باڵیۆزخانەکەمان سەلامەتن".
عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن، ئامادەی کۆنفراسی ڕۆژنامەوانییەکەی جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن بوو، هاوکات پرسیارێکی ئاراستەی سابرینا سینگ کرد و گوتی: هەڵسەنگاندن چییە بۆ هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە لوبنان، لەوانەیە وەزارەتی دەرەوە قسەی زیاتری هەبێت لەو بارەیەوە، بەڵام تۆ هیچ زانیارییەکت هەیە؟
سابرینا سینگ، لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24ـدا ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی هیرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەمان لە لوبنان دەکرێت و خۆشبەختانە تیمی باڵیۆزخانەکەمان سەلامەتن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە (5ـی حوزەیرانی 2024) هێرشێکی چەکداریی کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان و، مێدیاکانی لوبنان ڕایانگەیاند، هێرشەکە لەلایەن سێ چەکدارەوە کراوە و چەکدارێک لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی باڵیۆزخانەکە کوژراوە، بەڵام سوپای لوبنان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەو هەواڵەی ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت: یەک چەکدار هێرشەکەی کردووە، "هەڵگری ناسنامەی سووری" بووە و لەلایەن ئەندامانی سوپاوە "بریندار" کراوە.
هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیروت، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، "هێرشەکە لەلایەن گرووپێکی سێ کەسییەوە کراوە و چەکی سووکیان بەکارهێناوە". دووپاتیشی کردووەتەوە، "سەرجەم دیپلۆماتکار و کارمەندانی باڵیۆزخانەکە بە کۆششی سوپای لوبنان و دەزگا ئەمنییەکان سەلامەتن".
باڵیۆزخانەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ حکوومەت و دەسەڵاتدارانی لوبنان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە لە هەماهەنگیدان.