سوودانی دەیەوێت "لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا" کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانان بهێنێت

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق (وێنە: نووسینگەکەی)
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق (وێنە: نووسینگەکەی)

ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایدەگەیەنێت، سوودانی بەنیازە پێش کۆتاییهاتنی تەمەنی کابینەی حکوومەتەکەی، کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانان بهێنێت. گرووپە چەکدارەکانیش دەڵێن، "ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن"، دەست بە چالاکییە سەربازییەکانیان دەکەنەوە.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کار لەسەر ئەوە دەکات بەر لە تەواوبوونی ماوەی حکوومەتەکەی، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لە عێراق بکشێنەوە.

عەلی زوبەیدی، ئەندامی چوارچێوەی ھەماھەنگی، ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەیەوێت بەر لە كۆتایی تەمەنی حكوومەتەكەی، دۆسییەی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە ئەرکى ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، بە كشانەوەی ئەو ھێزانە یەكلایی بكاتەوە. گوتیشی، "بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان هەڕەشەیە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق".

لە لایەکی دیکەوە، کازم فەرتووسی، گوتەبێژی لیواکانی سەیدو شوهەدا ڕایدەگەیەنێت، ڕاگرتنی چالاکییە سەربازییەکانمان، ڕێزگرتن بووە لە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی دیاریکراودا.

فەرتووسی ئەوەشی خستەڕوو: "چاوەڕێین ئەنجامی ئەو پابەندیانە ببینین". هۆشداریش دەدات، ئەگەر دانوستانەکان سەبارەت بە کشانەوەی ئەو هێزانە شکست بهێنن، "چالاکیی سەربازیی لە دژیان دەست پێ دەکەینەوە".

لەلایەکی دیکەوە عەبدولئەمیر یاروڵڵا، سەرۆکی لیژنەی باڵای سەربازیی بۆ گفتوگۆکانی پەیوەست بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان ڕایگەیاند: "لەگەڵ واشنتن لە هەماهەنگی بەردەوامداین بۆ دیاریکردنی خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوەی هێزەکانیان و لە مانگی ئایاریشدا دوو کۆبوونەوەی دیکەمان بۆ ئەم مەبەستە کردووە". ڕوونیشی کردەوە، "تەنیا گرفت، دیاریکردنی خشتەی کشانەوەیە، ئەمەش ئاماژەیە لەسەر ئەوەی خواستێک لەلایەن ئەو هێزانە هەیە بۆ کشانەوەیان لە عێراق".

دوو لیژنە لە نێوان عێراق و ئەمەریکا کار لەسەر ئەو پرسە دەکەن، یەکێکیان تایبەتە بە پرسی کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانان، ئەوى دیکەیان بۆ ڕێکخستنى پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکایە بە گوێرەى رێککەوتنى ستراتیژیى نێوانیان.

نزیکەی 2500 سەربازی ئەمەریکی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە عێراق هەن. سەربازانی ئەمەریکا بەسەر چەند پێگەیەکدا دابەشبوون،  گرنگترینیان بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و کەمپی ڤیکتۆریا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدایە. جگە لە هێزەکانی ئەمەریکا، هێزەکانی فەرەنسا و ئوسترالیا و بەریتانیاش هەن، کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکە درێژەیان بە ئەرکەکانیان داوە. بەشێکیشیان لە چوارچێوەی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناسراو بە ناتۆ لە عێراق، ڕۆڵی راوێژکاریی و هەماهەنگی هەواڵگری دەبینن

Fly Erbil Advertisment