پلاندانانی عێراق: سەدا 70ـی سه‌رژمێریی تاقیكاری بە سەرکەوتوویی کراوە

گوتەبێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، له سه‌دا 70ـی سه‌رژمێریی تاقیكاری لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان به "سه‌ركه‌وتوویی" کراوە.
عه‌بدولزه‌هره هینداوی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سه‌رژمێری تاقیكاری كه 31ی ئایار، له 18 پارێزگای عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ده‌ستی پێكردووه؛ ڕێژه‌ی له سه‌دا 70ـی ئه‌و پرۆسه‌یه به سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو بووه.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێژه‌ی پێشوازیكردنی هاووڵاتییان بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه "له ئاستێكی نایابدایه".
وەکو ئەوەی هینداوی باسی کرد، له‌و پرۆسه‌یه‌دا هه‌ژماردنی باڵه‌خانه، دامه‌زراوه و گه‌ڕه‌كه‌كان و وه‌رگرتنی ژماره‌ی خێزانه‌كان تۆمارده‌كرێن و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن له 13ی ئه‌م مانگه سه‌رژمێریی تاقیكاری وه‌ك چۆن پلانی بۆ داڕێژراوه، كۆتایی بێت.
لە زۆربەی وڵاتاندا هەر 10 ساڵ جارێک سەرژمێری دەکرێت، بەڵام لە عێراق تاوەکوو ئێستا هەشت جار سەرژمێری دانیشتووان کراوە و دواجار لە ساڵی 1997 بوو. کۆی دانیشتووانیی عێراق نزیکەی 20 ملیۆن کەس دیاری کرابوو، بەڵام ئێستا بە گوێرەی داتا نا فەرمییەکان ژمارەی دانیشتووانی گەیشتووەتە زیاتر لە 42 ملیۆن کەس .
سەرژمێریی، یەکێکە لە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کەرکووک و ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی پرۆسەکەش دەکرێتە بنەمایەک بۆ بڕیاردان هەربۆیە سەرژمێریی بۆ کەرکووک گرنگ و پڕبایەخە.