هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان دواخرا

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ دواخرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-06-2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی بۆ مانگی ئاب (هەشت)ـی ئەمساڵ ڕاگەیاند.
وا بڕیاربوو هەڵبژاردنەکە 11ـی ئەم مانگە، بۆ جاری یەکەم لە دوای دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە 151 شار و شارۆچکەی ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) بکرێت.
کۆمیسیۆنەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەوەی خستووتەڕوو، لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک هێز و لایەنی سیاسیی بەشدار لە هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە)، داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانیان کردبوو، بۆیە ئەوانیش لە وەڵامی داواکارییەکەیان، هەڵبژاردنەکەیان دواخستووە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کەمی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدان و ڕەخساندنی کات بۆ قسەکردن لەگەڵ دەزگا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی چاودێرییکردنی هەڵبژاردنە، دوو هۆی دیکەی دواخستنی هەڵبژاردنەکە بوون.
کۆمیسیۆنەکە پێشتر ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە سێ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکەدا هەیە. ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نیشتەجێن، مافی دەنگدانیان دەبێت.
وا بڕیارە 18 لایەن و هاوپەیمانی سیاسیی بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان دەکەن. ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)ـش بڕیاری داوە بەشداریی نەکات.