سوودان.. هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەتاوانی کۆمەڵکوژی تۆمەتبار دەکرێن

چەکدارانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا
چەکدارانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا

ئەنجوومەنی سەروەری سوودان، هێزەکانی پشتیوانی خێرای تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی لە گوندی وەدلنورە لە ویلایەتی جەزیرە لە دژی خەڵکی مەدەنی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئایاری 2024، ئەنجوومەنی سەروەری سوودان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە گوندی وەدلنورە لە ویلایەتی جەزیرە کۆمەڵکوژی دژی هاووڵاتیانی بێ چەک ئەنجامداوە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان کوژراون.

پێشتریش "پارتی کۆنگرەی سوودان"، لە ئەنجامی هێرشێکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر گوندی وەدلنورە کوژرانی زیاتر لە 100 کەسی ڕاگەیاندبوو.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا، "موڵک و ئۆتۆمبێلی هاوولاتیانیان تاڵانکردووە". هاوکات هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە مانگی کانوونی دووەمەوە ویلایەتی جەزیرەیان کۆنترۆڵ کردووە.

ئەنجومەنی سەروەری لە بەیاننامەکەیدا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە "ئەم تاوانانە ئیدانە بکەن و لێپرسینەوە لە تاوانبارانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بکەن".

لە 15ـی نیسانی 2023، شەڕ لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ڕوویدا، کە بەهۆیەوە بەدەیان هەزار کەس کوژران و برینداربوون، هەروەها زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.

Fly Erbil Advertisment