مێردمنداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ڕووباری چۆمان خنکا
بەرگریی شارستانیی سۆران ئاشکرای دەکات، مێردمنداڵێکی خەڵکی هەولێر کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە، لەڕووباری چۆمان خنکاوە.
پێنجشەممە،6ـی حوزەیرانی 2024، ڕەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاشکرای کرد، مێردمنداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتی خەڵکی هەولێر، تەمەن 13 ساڵ، بەناوی (نیڤار کۆسرەت خدر) لە ڕووباری چۆمان خنکاوە، بێ ئەوەی زانیاریی وردتر لە بارەی ڕووداوەکە ئاشکرا بکات.
پێشتر سەرکەوت کاڕەش، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار و 292 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوی هەڵدێران و خنکان و ڕووداوەکانی دیکە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تۆمار کراون،. لە پارێزگای هەولێر 358 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 351 ڕووداو، لە پارێزگای سلێمانی 217 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 132 ڕووداو، لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 115 ڕووداو، لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین 98 ڕووداو، لە پارێزگای هەڵەبجە 21 ڕووداو.
بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە بەرگریی شارستانیی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە، بە هۆی ئەم ڕووداوانەوە، سەرجەم 62 کەس مردوون. لەئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین 17 کەس، لەپارێزگای هەولێر 16کەس، لەپارێزگای دهۆک 9 کەس، لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 8 کەس، لە پارێزگای سلێمانی 8 کەس، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەک کەس، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەک كەس، لەپارێزگای هەڵەبجە یەک کەس و لە ئاکرێش یەک کەس.