نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران گفتوگۆیان لەبارەی لە فراوانكردنی جووڵەی بازرگانی، هەروەها چەند پێشنیارێك بۆ زیادكردنی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی و فراوانكردنی زیاتری هاریكاریی لە بوارەكانی پزیشكی و گەشتیاری، لەگەڵ كردنەوەی ناوچەی بازرگانیی ئازاد لەنێوانیاندا کرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (6ـی حوزەیرانی 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد كە لە پارێزگارانی پارێزگاكانی هاوسنووری هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە نوێنەرانی ناوچەكە لە پەرلەمانی ئێران پێك هاتبوو.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا خۆشحاڵییان بە ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەربڕی و جەختیان لە فراوانكردنی جووڵەی بازرگانی و هاتوچۆ و گواستنەوە لە دەروازە سنوورییەكان كردەوە. هەروەها چەند پێشنیارێك بۆ زیادكردنی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی و فراوانكردنی زیاتری هاریكاریی لە بوارەكانی پزیشكی و گەشتیاری، لەگەڵ كردنەوەی ناوچەی بازرگانیی ئازاد لەنێوانیاندا، تاوتوێ كرد.

هاوکات، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كە هاوبەشییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرن و خواستی دوولایەنەیان بۆ برەودان بە هەموو بوارەكانی پەیوەندی و هاریكاریی هاوبەش دووپات كردەوە.

شاندی میوان سوپاس و پێزانینی بۆ ئاسانكاریی تێپەڕینی زیارەتكارانی كۆماری ئیسلامی بۆ مەزارە ئایینییەكان لە باشووری عێراق، بە هەرێمی كوردستاندا نیشان دا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و كونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر و كونسوڵی ئێران لە سلێمانی، ئامادە بوون.

؛
]