لە 27 وڵات هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دەکرێت

لە نێوان 6 بۆ 9ی حوزەیرانی 2024، زیاتر لە 370 ملیۆن کەس لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، بەشداریی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی ئەورووپادا دەکەن، بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی یەکێتیی ئەورووپاش ئاگادار بکەنەوە و هانیان بدەن بۆ دەنگدان، پەرلەمانی ئەورووپا دەست بە هەڵمەتێک دەکات.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی یەکێتیی ئەورووپا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا هەموو پێنج ساڵ جارێک لە پێنجشەممەوە تا یەکشەممە دەکرێت؛ هەڵبژاردنی 2024 لە 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە ڕۆژی پێنجشەممە 6ی حوزەیران تاوەکو یەکشەممە 9ی حوزەیران بەڕێوە دەچێت.
بەپێی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، دەنگدانەکە ڕۆژی پێنجشەممە 6ی حوزەیران لە هۆڵەندا دەستی پێ کردووە، دواتر خەڵکی ئێرلەند ڕۆژی هەینی 8ی حوزەیران و هاووڵاتییانی لاتیڤیا و ماڵتا و سلۆڤاکیا ڕۆژی شەممە 8ی حوزەیران دەنگ بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دەدەن.
ڕاگەیاندنی پەرلەمانی یەکێتییی ئەورووپا ئاشکرای کردووە، دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە چیک ڕۆژانی هەینی و شەممە کراوە دەبن، لە کاتێکدا دەنگدان لە ئیتاڵیا ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە بەڕێوە دەچێت، 20 وڵاتی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا (نەمسا، بەلجیکا، بولگاریا، کرواتیا، قوبرس، دانیمارک، ئیستۆنیا، فینلەندا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، هەنگاریا، لیتوانیا، لۆکسمبورگ، پۆڵەندا، پورتوگال، ڕۆمانیا، سلۆڤینیا، ئیسپانیا و سوید) هەڵبژاردنەکانی خۆیان لە ڕۆژی یەکشەممە 9 حوزەیران دەکەن و ئەنجامەکانی دەنگدانیش لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بڵاو دەکرێنەوە.
لەو هەڵبژاردنە چەندین گۆڕان لە دەسەڵاتی یاسادانان بەدی دەکرێت و دیارترینیان بریتییە لە زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان، کە لە 705 کورسییەوە دەبێتە 720 کورسی.
پێشتر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا 705 کورسی بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەبێتە 720 کورسی، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان، بڕیارە لە خولی ئەمجارەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا ژمارەی کورسییەکانی 12 وڵات زیاد بکات.