دانیال هاگاری: حەماس لە شوێنە گشتییەکان خۆی دەشارێتەوە و هاووڵاتی دەکاتە قوربانی

دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل
دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، حەماس ئەو قوتابخانەیەی کردبووە بارەگای ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئیسرائیل.

سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر یەکێک لە قوتابخانەکانی غەززە و کوژرانی نزیکە 40 کەس لەو قوتابخانەیە، دانیال هاگاری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، حەماس قوتابخانەکەی کردبوو بە بارەگای ئۆپراسیۆنەکانی دژی ئیسرائیل، ئێمەش ناچاربوین لەناوی ببەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس و گروپە فەڵەستینییەکان لەناو قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان خۆیان دەشارنەوە، تا ئێمە هێرش نەکەیەنەسەریان.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو قوتابخانەی هێرش کرایەسەری لەلایەن ئەندامانی حەماسەوە وەک پەناگە سوودی لێدەبینرا و بەنیازی هێرشی زیاتربوون بۆسەر ئیسرائیل.

دانیال هەگاری ڕاشیگەیاند، ئەوەی کردمان بۆ پارێزگاری بوو لە خۆمان، چونکە بەپێی زانیارییە هەواڵگیرییەکانمان حەماس لەناو پۆلەکانی ئەو قوتابخانەیەوە ئۆپراسیۆنی دژی ئێمە دەکرد.

ئەو گوتەبێژە ئاشکراشیکرد، پێش ئەوەی هێرشبکەیەنە سەر قوتابخانەکە بەفڕۆکە چاودێریمان کرد تا دڵنیابینەوە ژن و منداڵی تێدانییە. هەروەها خودی حەماس بەرپرسیارە لە خوێنی خەڵک، خۆیان لە قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان دەشارنەوە تا لەو ڕێگەیەوە زیاتر پەلاماری ئیسرائیل بدەن.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.