سەرژمێری ئەزموونی لە 86 ناوچەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت

31ـی ئایار سەرژمێری ئەزموونی لە 86 ناوچەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و 14 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئامادەکارییەکان بەمەبەستی بەڕێوەچوونی سەرژمێری گشتییە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بەبۆچوونی توێژەران سەرژمێری ناکۆکی لەسەر مافی حکومڕانی لەناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی دەکاتەوە، هۆشداریش دەدەن ئەگەر سەرژمێری نەکرێت پلانەکانی نیشتمانی شکست دەهێنن.
یەکەم سەرژمێری لە عێراق لەساڵی 1927 کراوەو ئەنجامەکانی هەڵوەشێندرایەوە دوایین سەرژمێریش لەساڵی 1997 کراوە، بەهۆی لەخۆ نەگرتنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دان بە ئەنجامەکانی نەندراوە.
ڕۆژی 31ـی ئایاری ئەمساڵ سەرژمێری ئەزموونی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، پرۆسەکە ماوەی 14 ڕۆژی بۆ دیاریکراوەو، هەفتەیەکیشە پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت.
سەرژمێری ئەزموونی لە 86 ناوچەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، 764 توێژەر وکارمەندانی وەزارەتی پلاندان ئامادەکاری بۆ پرۆسەکە دەکەن و زیاتر لە 130 هەزار کارمەندی دیکەش لە جێبەجێکردنیدا بەشداری دەکەن.
ئامادەکاری دەکرێت بۆ سەرژمێری گشتی کە بڕیارە لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بکرێت.
بەگوێرەی خشتەکانی ساڵی 2024ـی بودجەی عێراق بڕی 300 ملیار دینار بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان تەرخانکراوە و پشکی هەرێمی کوردستان لەو گوژمەیە 38 ملیار دینارە.
بەبۆچوونی توێژەران ئەنجامدانی سەرژمێری ناکۆکی مێژوویی لەسەر مافی حکومڕانی لەناوچە جێناکۆکەکان یەکلایی دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسییەکان لە دەرەنجامەکانی سڵ بکەنەوە.
دابەشکردنی بودجەی پارێزگاکان و، هەرێمەکان بەندە بە ژمارەی دانیشتوانیانەوە، بۆیە سەرژمێری زەمینەیەکی گونجاو بۆ ململانێی نێوان ئەو پارێزگایانەی کە هەوڵدەدەن پشکی دارایی خۆیان وەربگرن، دەڕەخسێنێت، هەروەها سەرژمێری دانیشتووان پەیوەستە بە دیاریکردنی سرووشتی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق بەتایبەت سەبارەت بە دیاریکردنی کورسییەکانی پەرلەمان.
بە بۆچوونی توێژەران خۆ بە دوورگرتن لە جێبەجێکردنی سەرژمێری دانیشتووان واتای ئەوە دەگەیەنێت کە پێوەرەکانی ئامار لە عێراق دەچنە ناو کایەی پێشبینی کردنەوە بەمەش زۆربەی پلانەکانی گەشەپێدانی نیشتمانی شکست دەهێنن.
بەهۆی ئەنجامنەدانی سەرژمێری گشتی، عێراق شکستی خواردووە لە دیاریکردنی قەبارەی گەشەی دانیشتووان، ئەمەش بووەتە ڕێگر لەسیاسەتی کەمکردنەوەی خێرایی لە گەشەی دانیشتووان و زیادەڕۆکانی سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیش زیاتر بووە، هەروەها بووەتە هۆی زیادبوونی بەکاربردن و بڵاوبوونەوەی بێکاری بەشێوەیەکی فراوان لە عێراق.
لە عێراقی هاوچەرخدا لەساڵی 1927 حکوومەتی ئەوکاتی عێراق هەوڵیدا یەکەم سەرژمێری دانیشتووان بکات، بەڵام بەهۆی هەڵەو کەموکورتی زۆر لە جێبەجێکردنی پرۆسەکەدا، ئەنجامەکانی هەڵوەشێندرانەوە.
دوایین سەرژمێریش لەساڵی 1997 لە عێراق ئەنجامدرا بەڵام پرۆسەکە تەنیا لە 15 پارێزگای عێراقی بەڕێوەچوو و بەگوێرەی سەرژمێرییەکە كۆی گشتی دانیشتوانی ئهوكاتی عێراق 19 ملیۆن و 184 ههزار و 543 كهس بوو. بەهۆی لەخۆنەگرتنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکە دان بە ئەنجامەکانی سەرژمێرییەکە نەندرا.