سیروان محەممەد: سەرژمێری دانیشتوانی عێراق، هیچ پەیوەندی بە مادەی 140وە نییە

بریکاری وەزارەتی پلان دانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجامی کاریگەرییەکانی سەرژمێری پەیوەندی بە مادەی 140 و کێشەکانەوە نییە.
ئەمڕۆ هەینی، 7ـی حوزەیرانی 2024، سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلان دانان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق جێبەجێ کردنی سەرژمێری لە 20ـی تشرینی دووەم ئەنجام دەدرێت، هەروەها بوونی ماددەی 140، پەیوەندی بە سەرژمیری دانیشتوانەوە نییە.
بەگوتەی ئەو بریکارە، "ئەو تێکەڵکردنە بووەهۆی دواخستنی سەرژمیری لە ساڵی 2010دا، ئێستە ئەم تێکەڵکردنە لەلای ئێمە و لەلای وەزارەتی پلاندانانیشەوە ڕوونە کە ئەگەر سەرژمێری لە عێراقدا بکرێت، بەرکەوتە و ئەنجامی هیچ پەیوەندییەکی نابێت بە ماددەی 140 یاخود یەکلا کردنەوەی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکان، یاخود هەر کێشەیەکی دیکەی یاسایی لەهەر ناوچەیەکی عێراقدا هەیە نەک تەنیا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوە".
ئەو بریکارە گوتیشی، "ئێمە وەکو وەزارەتی پلاندانان لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق خەریکی ئەنجامدانی ئەو سەرژمێرییەین".
سیروان محەممەد ئاماژەی دا، "ئێمە دیاریمان کردووە کە ئامانجی سەرژمێری بۆ گەشە پیدانە، واتە بۆ ئەوەی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە قەبارەی خێزانی بزانرێت، ژمارەی دانیشتوان و بارودۆخی تەندروستی، پەروەردەیی، خوێندن، ئابووری کۆمەڵایەتی کارکردن، لەگەڵ هەر بابەتێکی دیکە کە پەیوەستە بە بژێوی هاووڵاتییانی عیراق و هەرێمی کوردستان لە سەرژمێرییەکەدا بۆمان دەردەکەوێت".