سبەی شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق دێتە هەولێر

سبەی شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنیەکان و خەرجی و داهاتی سێ مانگی دێنە هەولێر.

بەپێی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، بڕیارە سبەی شاندێکی دیوانی چاودێری داریی عێراق سەردانی هەولێر بکەن و لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی "چوار و پێنجی" هێزە ئەمنیەکان و خەرجی و داهاتی "سێ" مانگی هەرێمی کوردستان بکەن.

هەروەها دوای تەواوبوونی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری ناوەکان بە کۆد بنێردرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی مووچەی "دوو" مانگی هێزە ئەمنیەکان بنێردرێت، لەگەڵ وردبینی لە داهات و خەرجیەکانیش تەواو کرا، ڕاپۆرتەکە دەدرێتە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.

هەروەها سبەی شاندەکە دەگەنە هەولێر و ڕۆژی یەکشەممە دەست دەکەن بە کارەکانیان.

ڕۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی (کەمئەندامان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی خانەنشینی مەدەنی و سەربازیی، شەهیدان و کاروباری ئەنفال، گرێبەستەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان)ـی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوە، وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکوو ئێستا فەرمانی بە خەرجکردنی مووچەی مانگی چوار و پێنجی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی دەرنەکردووە.

وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 14-05-2024، 168 ملیار دینار و ڕۆژی چوارشەممەش، 15-05-2024، 443 ملیاری وەکو مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی بەشێکی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی نیسانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.

ڕۆژی یەکشەممە، 02-06-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، "دواکەوتنی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن بەغداوە، ستەمە و هیچ ڕەوایەتییەکی نییە، دەبووایە ئێستا سەرەڕای دابەشکردنی مووچەیەک، مووچەخۆران پێش جەژنی قوربانی چاوەڕێی مووچەیەکی دیکە بوونایە".

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.