ڕاوێژکارێکی پوتین: هیوادارین ساڵی داهاتوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی سان پیتەرسبورگ بکات

ئەنتۆن کۆبیاکۆڤ، ڕاوێژکاری ڤلادیمێر پوتین
ئەنتۆن کۆبیاکۆڤ، ڕاوێژکاری ڤلادیمێر پوتین

K24 - سان پیتەرسبورگ:

بە بەشداری شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چالاکییەکانی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی سان پیتەرسبورگ بەردەوامە و ڕاوێژکارێکی سەرۆکی ڕووسیاش دەڵێت: هیوادارین ساڵی داهاتوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندەکە بکات.

لە ڕووسیا چالاکییەکانی 27ـەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی سان پیتەرسبورگ بەردەوامن، پرسەکانی ئابووری، وزە و وەبەرهێنان تاوتوێ دەکرێن، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارن و لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان تاوتوێی ئەو دەرفەتانە دەکەن کە بۆ وەبەرهێنان لە بوارە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان لەئارادان.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی و فرەچەشنکردنی سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی کوردستان.

کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی سان پیتەرسبورگ، یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوە ئابووریی و سیاسییەکانی ڕووسیا و جیهان، کە بەشداربووانی کۆڕبەندەکە دەخوازن دەرفەتی گونجاو بسازێنن بۆ یەکتری لەپێناو سوود و قازانجی دوو لایەنە.

ئەنتۆن کۆبیاکۆڤ، ڕاوێژکاری ڤلادیمێر پوتین و سەرپەرشتیاری کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووری سان پیتەرسبورگ بۆ کوردستان24 گوتی: "لە ڕاستیدا ئێمە چاوەڕوانی هاتنی بەڕێز سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیمان دەکرد، بەڵام دیارە دەرفەتی بۆ نەسازا لێرە بەشدار بێت، بۆیە هیوادارین کە لە ساڵی داهاتوودا لێرە بیبینین لەگەڵمان بەشدار بێت".

ڕاوێژکارەکەی پوتین گوتیشی: "ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکن لەیەکەوە، کۆڕبەندی سان پیتەرسبورگ شوێنکی گرنگە بۆ ئەوەی پەیوەندی نوێ دروستبکەن بۆ سازان لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا، دۆستی نوێ لە بواری جیۆپۆلۆتیکی و بازرگانیدا پەیدا دەکەن لێرە، پەیوەندی و ئاڵوگۆری کولتووریی زیاتر دەبن ئەمانەش لەیەکترمان نزیک دەکەنەوە".

بانگهێشتکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی سان پیتەرسبورگ، دەرخەری ئەو ڕاستییە کە ڕووسیا دەخوازێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەپێبدات، ئامادەبوونی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ فراوانترکردنی پەیوەندیی هەمە لایەنەیە.

Fly Erbil Advertisment