دلاوەر ئاژگەیی: یەکێتیی ئەورووپا گرنگییەکی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەدات

K24 – برۆکسل:
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، ڕایدەگەینێت، لە وڵاتانی یۆنان و بەلجیکا ئەگەر هاووڵاتییان بەشداری لە دەنگدان نەکەن ئەوا سزایی دارایی دەدرێن. لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دلاوەر ئاژگەیی دەڵێت: گرنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمساڵ لە کاتێکی نزیکدا ئەنجام بدرێت.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هیواخوازە کوردانی ئەورووپا دەنگی خۆیان بدەنە ئەو لایەنەی کە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەکات.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، دەڵێت: "چوار کورد بەربژێرن بۆ پەرلەمانی ئەورووپا هیوای سەرکەوتن بۆ هەر چواریان دەخوازم، هەر کوردێک بگاتە پەرلەمانی ئەورووپا یان هەر پەرلەمانێکی دیکەی ئەندام لە وڵاتانی یکێتییەکە دەتوانێت هاوکار بێت بۆ گەلەکەی و پشتیوانی لە کوردستان بکات".
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناوبراو گوتی: پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف بە بەشداریی هەموو لایەن و پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.
هاوکات گوتیشی: گرنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمساڵ لە کاتێکی نزیکدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی هەرێمەکە لە ڕووی دیموکراسییەوە بەرەو پێشەوە بڕوات.
دلاوەر ئاژگەیی، باسی لەوە کرد، گرووپی دۆستی کورد لە پەرلەمانی ئەورووپا هەیە، کە داکۆکیکارن لە مافی کورد و دۆزی رەوای کورد لە ئەورووپا، هەروها هەر لە ڕێگەی ئەوان بوو لە سەردەمی داعشدا پرسی پێشمەرگەمان بردە و پەرلەمانەکە و پشتگیری یەکێتی ئەورووپامان بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەدەست هێنا.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، لە دوو وڵاتی یەکێتی ئەورووپا، یۆنان و بەلجیکا دەنگدان ناچارەییە، هەر هاووڵاتییەک کاتی دەنگدان نەچێت دەنگ بدات ئەوا 250 یۆڕۆ سزا دەدرێت.
ئاژگەیی، جەختی لەوەش کردەوە، یەکێتی ئەورووپا گرنگییەکی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەدات و بەردەوام پاڵپشتی لە دۆزی ڕەوای گەلی کورد دەکات.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا
لە نێوان 6 بۆ 9ـی حوزەیرانی 2024، زیاتر لە 370 ملیۆن کەس لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، بەشداریی پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی ئەورووپادا دەکەن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەورووپاش ئاگهدار بکەنەوە و هانیان بدەن بۆ دەنگدان، پەرلەمانی ئەورووپا دەست بە هەڵمەتێک دەکات.
بە پێی یاسای هەڵبژاردنی یەکێتیی ئەورووپا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا هەموو پێنج ساڵ جارێک لە پێنجشەممەوە تا یەکشەممە دەکرێت؛ هەڵبژاردنی 2024 لە 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی حوزەیران تاوەکوو یەکشەممە 9ـی حوزەیران بەڕێوە دەچێت.
بە پێی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، دەنگدانەکە ڕۆژی پێنجشەممە 6ـی حوزەیران لە هۆڵەندا دەستی پێ کردووە، دواتر خەڵکی ئێرلەند ڕۆژی هەینی 8ـێ حوزەیران و هاووڵاتییانی لاتیڤیا و ماڵتا و سلۆڤاکیا ڕۆژی شەممە 8ـێ حوزەیران دەنگ بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دەدەن.
ڕاگەیاندنی پەرلەمانی یەکێتییی ئەورووپا ئاشکرای کردووە، دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە چیک ڕۆژانی هەینی و شەممە کراوە دەبن، لە کاتێکدا دەنگدان لە ئیتاڵیا ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە بەڕێوە دەچێت، 20 وڵاتی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا (نەمسا، بەلجیکا، بولگاریا، کرواتیا، قوبرس، دانیمارک، ئیستۆنیا، فینلەندا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، هەنگاریا، لیتوانیا، لۆکسمبورگ، پۆڵەندا، پورتوگال، ڕۆمانیا، سلۆڤینیا، ئیسپانیا و سوید) هەڵبژاردنەکانی خۆیان لە ڕۆژی یەکشەممە 9 حوزەیران دەکەن و ئەنجامەکانی دەنگدانیش لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بڵاو دەکرێنەوە.
لەو هەڵبژاردنە چەندین گۆڕان لە دەسەڵاتی یاسادانان بەدی دەکرێت و دیارترینیان بریتییە لە زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان، کە لە 705 کورسییەوە دەبێتە 720 کورسی.
پێشتر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا 705 کورسی بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەبێتە 720 کورسی، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان، بڕیارە لە خولی ئەمجارەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا ژمارەی کورسییەکانی 12 وڵات زیاد بکات.