دارا محەممەد: سەلامەتی خۆراک پێش مەرجی ئاسایشی خۆراکە
K24 – هەولێر:
پسپۆڕێکی شیکاریی و کوالێتی کۆنتڕۆڵی خۆراک ڕایگەیاند: دروشمی ئەمساڵی ڕۆژی جیهانیی سەلامەتی خۆراک بریتییە لە "با ئامادەبین بۆ ناچاوەڕوانییەکان" و ئەمەش وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ مەترسی بەردەوامی جەنگەکان.
ڕۆژی هەینی (7ـی حوزەیرانی 2024) د. دارا محەممەد جەمیل، پسپۆڕی شیکاریی و کوالێتی کۆنتڕۆڵی خۆراک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەردەوامی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کە بەشێکی زۆری خاکی ئەو دوو وڵاتە بە سەبەتەی خۆراکی جیهان دادەنرێت، کە بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە تاوەکوو ئێستا وەک پێویست کشتوکاڵی تێدا ناکرێت بۆیە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی هەموو جیهان دروست کردووە.
دارا محەممەد گوتیشی: سەلامەتی خۆراک پێش مەرجە بۆ ئاسایشی خۆراک و پێویستە کاتێک بیر لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک دەکرێتەوە سەرەتا گرنگی بە سەلامەتی خۆراکیش بدرێت، کاتێک خۆراک بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت، دەبێت خۆراکێکی سەلامەت بێت.
هاوکات ئەو پسپۆڕەی شیکاریی و کوالێتی کۆنتڕۆڵی خۆراک جەختی لەسەر گرنگی توندوتۆڵ کردنی سیستمی کوالێتی کۆنترۆڵ و تاقیگەکانی شیکاری کردەوە بۆ پشکنین و ڕێگری کردن لە هاوردەکردنی خۆراکی ناتەندروست بۆ بازاڕەکان و خواردنی لەلایەن هاووڵاتییانەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوونی نەخۆشی مەترسیدار و ژەهراوی بوونی هاووڵاتییان کە دوور نییە بەهۆی خۆراکی ناسەلامەت و ناتەندروستەوە، مرۆڤ گیان لەدەست بدات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دارا محەممەد باسی لەوەکرد، بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی سیاسیی و ئابووریی جیهان، لە هەر ئەگەرێکدا چاوەڕوانی گرانبوونی نرخی دانەوێڵە و خۆراکە سەرەکییەکانی ڕۆژانە دەکرێت، بۆیە گرنگە لە ڕێگەی سایلۆی پێشکەوتووەوە، گەنمی بیر لە هەڵگرتنی گەنمی جووتیارانی خۆمان بکرێتەوە و بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بکرێت.
لەبارەی بوونی خۆراکی ناتەندروست لە بازاڕەکاندا، دارا محەممەد ڕوونی کردەوە، هەرچەندە لەلایەن لێژنەکانی قایمقامییەت و چاوێری تەندروستییەوە، بەردەوام بەدواداچوون دەکرێت و دەست بەسەر خواردنی بەسەرچوو و ناتەندروستدا دەگیرێت و لەناودەبرێت، بەڵام ئەمەش زیانی ئابووریی هەیە بۆیە دەبێت لە سەرەتاوە ڕێگری بکرێت لە هاوردەکردنی ئەو جۆرە خواردن و خواردنەوانە.