'دزینی جانتایەک' دەستەی دەستپاکی فیدراڵی هێنایە دەنگ

لۆگۆی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و بڵاوکراوەی مامۆستایەکی زانکۆ
لۆگۆی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و بڵاوکراوەی مامۆستایەکی زانکۆ

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی یەکێک لە ئامادەبووانی دیداری ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوەکرد: لە دیدارەکەدا کە بە چاودێری دەستەی دەستپاکی فیدراڵی بەڕێوەچووە، جانتاکەی دزراوە. لە بەرامەبەر ئەوەشدا، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕوونکردنەوەیەکی پێنج خاڵی بڵاوکردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە (6ـی حوزەیرانی 2024) د. ئەحمەد عەدنان مەیالی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە: بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و پارێزگاکارەکان، ئەمڕح لە دیداری ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە چاودێری دەستەی دەستپاکی ئامادەبووم، لە کاتی پشوودا، جانتاکەم کە هەموو کەلوپەلەکانمی تێدا بوو، لەلایەن یەکێک لە ئامادەبووانەوە دزرا.

پرسی دزینی جانتاکەی ئەو مامۆستای زانکۆیە، لە تۆڕەکانی سۆشیال دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکیش دواتر بڵاوکراوەکەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لادا.

دواتریش دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕوونکردنەوەیەکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: ئەو کەسەی بانگەشەی ئەوە دەکات، جانتاکەی دزراوە، یاریدەدەری ڕاگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکانە بۆ کاروباری زانستیی لە زانکۆی بەغدا.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: بەهۆی ئەوەی دیدارەکە لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنی بەڕێوەچوو، ڕێگری کرا لە هێنانی جانتای کەسی لەلایەن ئامادەبووانەوە و دەستەی دەستپاکی پرسیاسی ئەوەی کردووە، چۆن ئەو مامۆستای زانکۆیە توانیویەتی جانتاکەی لەگەڵ خۆی بباتە ژوورەوە بۆ شوێنی بەڕێوەچوونی دیدارەکە.

هاوکات دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕوونیکردووەتەوە: لە کاتی بەڕێوەچوونی دیدارەکە جانتا بەسەر ئامادەبووانی دیدارەکە دابەشکراوە کە ئەوەش کەلوپەلی کەسی تێدا نەبووە، وەک ئەوەی مامۆستای زانکۆکە باسی دەکات و پرسیاری ئەوەشی کردووە: شوێنی بەڕێوەچوونی دیدارەکە کامێرای چاودێری لێبووە، دەبوایە ئەوکات داوای لە ستافی شوێنەکە کردبووایە بۆ ئەوەی بزانن کێ جانتاکەی دزیوە.