لە تورکیا نزیکەی 350 هەزار بەندکراو هەیە

K24 - هەولێر:
بەگوێرەی راپۆرتی تایبەت بە ئامارەکانی ئەندامانی کۆنسەی ئەورووپا کە لە زانکۆی لۆزان ئامادەیان کردووە، تورکیا خاوەن 348 هەزار و 265 بەندکراوە و لە سەرانسەری ئەورووپا زۆرترین بەندکراوی هەیە.
تورکیا بەدەر لەوەی لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە لە وڵاتانی ئەوروپا قەرەباڵغترە بەڵام ژمارەی بەندکراوانی چوار هێندەی ئەو وڵاتەیە کە زۆرترین بەندکراوی هەیە. زۆرترین دۆسیەی بەندکردنیش بەهۆی ماددەی هۆشبەرە. هەر ماددەی هۆشبەر نییە، زوو زووە گوێبیستی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی تورکیا دەبین کە خۆیان لە کۆمەڵێک تۆمەتی جیاوازی وەک ئەندام بوون لە رێخراوی تیرۆریستی، تاوانی کوشتن و دەستدرێژی دەبیننەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی تایبەت بە ئامارەکانی ئەندامانی کۆنسەی ئەورووپا کە لە زانکۆی لۆزان ئامادەیان کردووە، تورکیا خاوەن 348 هەزار و 265 بەندکراوە و پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. هاوکات لە پلەی دووەم شانشینی یەکگرتوو دێت و ژمارەی بەندکراوان لەو وڵاتە 90 هەزار و 964 کەسن. لە پلەی سێیەمیش فەڕەنسا دێت 72 هەزار و 934 کەس لەو وڵاتە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە پلەی چوارەم پۆڵۆنیا دێت و ژمارەی بەندکراوان 71 هەزار و 228 کەسن. لە پلەی پێنجەم ئەڵمانیا دێت و 56 هەزار و 294 کەس بەندکراون.
بەندکراوانی تورکیا زۆربەیان بەهۆکاری ماددەی هۆشبەر سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەسەدا 34.4ـی بەندکراوان بەهۆی فڕۆشتن یان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بەندکراون. لە پلەی دووەم تاوانی توندوتیژی دێت و رێژەکەی لەسەدا 16.7ـە. لە پلەی سێیەم تاوانی کوشتن یان هەوڵی کوشتن هاتووە و رێژەکەشی لەسەدا 12.4ـە. دواتر تاوانی دزیکردن هاتووە کە لەسەدا 9.3ـی کۆی گشتی بەندکراوان پێکدێنێت.
هاوکات لەسەدا 8ـیان بەهۆکاری دەستدرێژی سێکسی یان هەر تاوانێکی پەیوەندیدار بەوە بەندکراون و لەسەدا 7.6ـیشیان بەهۆی تیرۆرەوە بەندکراون. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە تورکیا لە هەر 100 هەزار کەس، 408ـیان بەندکراون. ساڵی 2022، 303 هەزار و 945 بەندکراو لە تورکیا هەبوون، کاتیک بەراوردێک دەکرێت لە نێوان 2022 و 2023، دەرکەوتووە کە لەسەدا 15 رێژەکە زیادی کردووە.