نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئازاد کردنی کارمەندەکانی لە حوسییەکانی یەمەن دەکات

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دەسەڵاتی خۆسەپێنی حووسییەکان لەیەمەن 11 کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکانیان دەستگیر کردووە.
ستیفانی دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان زۆر لەم پێشهاتە نیگەرانە و داوای ڕوونکردنەوەی بەپەلە لە حووسییەکان دەکەین، هاوکات پێویستە دەستبەجێ ئەو کارمەندانەی ئازاد بکرێن.
ئەو گوتەبێژە گوتی، "داوای ئازادکردنی ئەو 11 کارمەندەمان دەکەین کە لەناوچە جیاوازەکانی یەمەن لەلایەن چەکدارە حووسیەکانەوە دەستەبەسەر کراون".
گوتیشی، "ئەو کارمەندانەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لەلایەن دەسەڵاتی خۆسەپێنی حووسییەکانەوە دەستبەسەر کراون سەرقاڵی کاری مرۆیی بوون لەیەمەن".
دوژاریک ڕاشیگەیاند، هەموو ڕێگەیەکە بۆ ئازادکردنیان بەبێ ئەوەی زیانیان پێبگات دەگرینە بەر. نەتەوەیەکگرتووەکان زۆر لەم پێشهاتە نیگەرانە و داوای ڕوونکردنەوەی لە حووسییەکان دەکەین.