ئەمەریکا: هێرشکردنە سەر کۆمپانیا و چێشتخانەکان هێرشە بۆ سەر دانیشتوانی عێراق

ژووری بازرگانی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی بۆ کارمەندانی ئەو کۆمپانیا و چێشتخانە ئەمەریکیانەی لە عێراق کاردەکەن دەربڕی.

ستیڤ لوتز، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئێمە نیگەرانی ئەو کارمەند و کۆمپانیایانەین"، دەشڵێ، "ئەوەی جێگەی داخە هێرشکردنە سەر ئەو کۆمپانیایانە لێدانی عێراق و دانیشتووانەکەیەتی، چونکە ئەوانەی لەو کۆمپانیایانەدا کاردەکەن عێراقیین و مووچەکانیان لەوێوە وەردەگرن و بژێوی خێزانەکانیان دابین دەکەن".

لوتز باسی لەوەش کرد، "هێرشەکان زیان بە ژووری بازرگانیی عێراق دەگەیەنن، ئێمەش بەوە دڵخۆش نین"، هەروەها "ئەمە بەهیچ شێوەیەک ڕێگەیەکی باش نییە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە پرسە گەورەکان".

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا گوتی: "خۆشحاڵین کە دەبینین کەسانی وەک سەرۆکوەزیران سوودانی نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن و پشتیوانی ئەم هێرشانە ناکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆمپانیاکان تێگەیشتنێکی باشیان هەیە و دەزانن کە ئەمە پرسێکی کاتییە"، دەشڵێت: "ئەو هێرشانە کاریگەری لەسەر وەبەرهێنانەکانی کەرتە جیاوازەکاندا نەبووە".

ڕۆژی سێشەممە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، "لە ڕۆژانی 26، 27، و 30ـی ئایاری 2024، لە بەغدا بە بۆمب هێرش کرایە سەر چێشتخانەی "KFC"، چێشتخانەی "گیلی هاوس لایز" و پەیمانگای کامبریج لە شەقامی فەڵەستین، و چێشتخانەی "KFC" و کۆمپانیای کاتەرپیلەر لە ناوچەی کەرادە لە جادریە، هێرشەکە لەلایەن کەسانێکەوە کراوە کە ماتۆڕسکیلیان پێ بووە.

دوای کۆکردنەوەی زانیاری دروست، ناوی تۆمەتباران و شوێنی کار و شوێنی نیشتەجێبوونیان دیاری کرا و بابەتەکە خرایە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی بڕگەکانی ماددەی 4ـی تیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.

مەفرەزەکانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارەیەک تۆمەتباریان دەستگیر کرد، کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کە لەگەڵ کۆمەڵێک تۆمەتباری هەڵهاتوودا بەشدارییان لە کردەوەی تێکدەرانەدا کردووە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، بەشێک لە تۆمەتباران سەر بە یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانن، و بەمەبەستی ڕەوانەکردنیان بۆ دادگاکانی پەیوەندیدار دەستگیر کراون.

هەر ڕۆژی چوارشەممە، 5-6-2024، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە مێدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند، "هێرش کراوەتە سەر پەیمانگای کامبریج بۆ فێربوونی زمان لە ناوچەی ئەلعروبە لە پارێزگای دیوانیە".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "هێرشەکە لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کە بە ماتۆڕسایکل بووە بە نارنجۆک کراوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، "هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی یەکێک لە پاسەوانەکانی پەیمانگەکە، هاوکات چەکدارەکەش هەڵاتووە".

جەختیشی کردەوە، "هێزە ئەمنییەکان ڕێوشوێن بۆ بەدواداچوون لەسەر ڕووداوەکە دەگرنە بەر لە ڕێگای کامێرای چاودێرییەوە".

Fly Erbil Advertisment