شرۆڤەکارێکی سیاسی: گەندەڵی لە ڕێگەی حزب و مەزهەب و پێکهاتەکانەوە پارێزراوە

"سیستەمی عێراق ناتوانێت پارەی خەڵک بپارێزێت"

شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت، "بابەتی گەندەڵی لە 2003ەوە تاوەکوو ئێستە بەردەوامە، زۆرینەی حکوومەتەکانی عێراق نەیانتوانیووە بابەتی گەندەڵی چارە بکەن"، هەروەها گەندەڵی لە ڕێگەی حزب و مەزهەب و پێکهاتەکانەوە پارێزراوە.

ئەحمەد سەڕاج، شرۆڤەکاری سیاسی لە بەغدا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بابەتی گەندەڵی لە 2003ەوە تاوەکوو ئێستە بەردەوامە، زۆرینەی حکوومەتەکانی عێراق نەیانتوانیووە بابەتی گەندەڵی چارە بکەن".

ئەحمەد سەڕاج، گوتیشی: "سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق لە دوای 2003ەوە نووسراوەتەوە لەسەر بنەمای پشک پشکێنەی مەزهەبی، بۆیە گەندەڵی لە ڕێگەی حزب و مەزهەب و پێکهاتەکانەوە پارێزراوە"، بۆیە نەمان بینی یەکێک لە نەهەنگەکانی گەندەڵی بخرێتە پشت شیشەکانی زیندانەوە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، باسی لەوەش کرد، "گەندەڵی هەموو کات بەهێزترە، لەوانە دزی سەدە، کە بینیمان چی ڕووی دا "نور زوهێر" چی کرد کە ئێستا بە ئازادی دەسوڕێتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە دادگا و حکوومەت سەلماندی 2.5 ملیار دۆلاری دزیووە. ئەوەش ئەوە ئاشکرا دەکات کە سیستەمی عێراق ناتوانێت پارەی خەڵک بپارێزێت".

ڕاشیگەیاند، نەبوونی خزمەتگوزاری و بێکاری و هاتنی داعش، هەمووی دەرئەنجامی گەندەڵییە کە تەواوی دامەزراوەکانی عێراقی گرتووەتەوە، بۆیە ئەو وڵاتە نابێتە وڵاتێکی بەهێز ئەگەر هاتوو ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز نەبێت تاوەکو شەڕی گەندەڵی و گەندەڵکاران بکات.

ئەحمەد سەڕاج ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ڕێکخراو و دامودەزگایانەی کە لە عێراق کار دەکەن، لەسەر بنەمای پشک پشکێنە دابەش کراون، بۆیە بە هیچ شێوەیەک سەربەخۆ نین، لەبەر ئەوە هەر لەچوار چێوەی خۆیاندا دەمێننەوە و ناتوانن یەک هەنگاو بچنە پێشەوە.

دەشڵێت: دەتوانن لێپێچینەوە لەگەڵ کەسێکی سادە بکەن کە دزییەکی بچووکی کردووە، بەڵام بابەتەکە دزییە گەورەکانە کە یاساش ناتوانێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات، بابەتی دەروازەکان و فڕۆکەخانە و ماددەهۆشبەرەکان لەو کێشانەن کە لە عێراقدا هەیە.

Fly Erbil Advertisment