نەخۆشی شێرپەنجە لە بابل زیادیکردووە

K24 – بابل:
بوونی پاشماوەی زبڵ و خاشاک، تیشکدانەوەی زیانبەخش، دەیان کەسیان لە چەند گەڕەکێکی پارێزگای بابل تووشی نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی پێست کردووە.
ئەمە دۆخی ژیانی دانیشتووانی گەڕەکی نوورە لەپارێزگای بابل، خەڵکی ناوچەکە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپی ئاوی خواردنەوە و تیشکە زیانبەخشەکان تووشی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی پێیست دەبن، ناوچەکەیان ناوناوە ناوچەی کاریگەری خراپ.
بەشێک لە هاووڵاتییانی بابل بە کوردستان24ـیان ڕاگەیاند، وەک دەزانین ئەم ناوچەیە شوێنی کۆبوونەوەی پاشماوە و زبڵە، زۆرترین کەس لەم گەڕەکەی ئێمە تووشی شێرپەنجە هاتوون، ئەوەش بەهۆی هەبوونی خاشاک و شەڕی ئەمەریکا لەساڵی 2003.
هاوکات ئاماژە بەوە دەکەن، دخۆیان زۆر خراپە، بەشێک لە هاووڵاتییان تووشی نەخۆشییەکانی پێیست و دەردە رێوی هاتوون،هەموو جار دەچینە شارەوانی بەبێ ئەوەی ئاوڕێکمان لێبدەنەوە.
باسیان لەوەش کرد،بەشێکیان بەهۆی هاتنی سوپای ئەمریکاوە لەساڵی 2003 کەسوکاریان لەدەستدا، بەشێکی دیکەیان بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە دەمرن، 80% ئەوانەی لێرە دەمرن هۆکارەکەی شێرپەنجەیە.
ناوچەی دۆلاب لە باشووری بابل و گەڕەکی نوور لە ناوەڕاستی حللە بەهۆی هەبوونی تیشکدانەوە و زبڵی زۆر تیایدا بە ناوچەی مەترسیدار بۆ نەخۆشی شێرپەنجە ناسراون، ئەمەش وایکردووە چەندین لێژنەی پزیشکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە سەرچاوەی تیشکدانەوەکان دروستبکرێن.
لەلایەکی دیکەوە حوسێن دەهموشی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە، دەڵێت: ماوەی ساڵێکە هەڵسەنگاندمان بۆ ئەو ناوچانەی تیشکدانەوەیان تێدایە کردووە، چونکە تەندروستی راستەوخۆ پەیوەندی بە ژینگەوە هەیە، دوای دەستنیشناکردنی هۆکاری تیشکدانەوەکان هەوڵی چارەسەرکردنی بابەتەکە دەدەین، لایەنی جێبەجێکردنیش لەم بابەتەدا کەمتەرخەم نەبوون.
لای خۆیەوە مەکی شەمەری، سەرۆکی فەرمانگەی ژینگەی بابل، بە کوردستان24ـی گوت: ڕووپێویمان بۆ سەرجەم ناوچەکان کردووە بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەی تیشکدانەوەکە، تەنها ناوچەی دۆلاب تیشکدانەوەی تێدا دەرکەوتووە و کار لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی تیشکدانەوەکە دەکەین، هەروەها لە ڕێگەی دەستەی باڵای وزەی ئەتۆمی عێراق کار لەسەر چارەکردنی تیشکەکان دەکەین و بەمزووانە چارەی دەکەین.