نەبەز عەبدولحەمید: هەوڵ دەدرێت لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا کارەکانی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری تەواو بکرێن

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر

K24 – هەولێر:

دوو کۆمپانیای تایبەت بۆ نۆژەنکردنەوەی دوو بەشی قەیسەری کۆن و قەیسەری تازە ئەرکی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەی هەولێریان پێ سپێردرا کە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، پێنج ملیار و 300 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە .

دوو کۆمپانیای ڕاسپێردراو بە نۆژەنکردنەوەی بەشی سووتاوی بازاری قەیسەری دەستیان بە کارەکانیان کردووە، نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری جیاوازە، بەو جۆرەی ئەندازیاری یەک لە کۆمپانیاکان باسیدەکات، بەشە کۆنەکەی، دەبێت وردتر کاری بۆ بکرێت و هەر چی بەشەکەی دیکەیە دەبێت سەردەمیانە و بە سیستەمی تایبەت نۆژەن بکرێتەوە.

خاوەن دوکانەکان بەپێی ئەو دابەشکردنە دوو بەشن، ئەوانەی لە بەشی تازەی بازاڕەکەن، دەخوازن بەشی کۆنیش خێراتر تەواو بێت و بازاڕەکە ئاوەدان بکرێتەوە.

بودجەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری، لە سەر بودجەی پاریزگای هەولێرە، جیا لە پارێزگار قایمقامیش لە نزیکەوە چاودێریی کاری کۆمپانیاکانی جێبەجێکار دەکات.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: ڕەزامەندی لەسەر نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری دراوە گوژمەی پێنج ملیار و 300 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووەوە هەردوو کۆمپانیا جێبەجێکاری دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی بەشی کۆن و تازەی بازاڕەکە کردووە، بەپێی دەرخستەی ئامادەکراو ماوەی ساڵێکی پێویستە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەوڵ دەدرێت زووتر لە ساڵێک کارەکان تەواو بکرێن.

ئاگرەکەی بازاڕی مێژوویی و فەرهەنگیی قەیسەریی هەولێر، شەوی 5ـی ئایاری 2024 ڕوویدا، هەرچەند 227 دووکان و 7 کۆگا بەهۆی ئاگرەکەوە سووتان و 132 کەسیش برینداربوون، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەموو هەوڵێکی خۆیان دا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن و زیانەکان کەمتر بکەنەوە.

Fly Erbil Advertisment