سه‌عید به‌دری: ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتییانی عێراق له سایه‌ی سیاسه‌تی حكوومه‌ت بێكارن

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی ئاماژه به‌وه ده‌كات، سیاسه‌تی دامه‌زراندن له عێراق پێویستی به نوێكردنه‌وه هه‌یه؛ ده‌شڵێت، بێكاری له عێراق زۆر بووه.
ڕۆژی شه‌ممه 8ـی حوزه‌یرانی 2024، سه‌عید به‌دری، شرۆڤه‌كاری سیاسی تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، به‌و پێیه‌ی عێراق له ڕووی ئابوورییه‌وه تاكداهاته و پشت به یه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات كه نه‌وته ده‌به‌ستێت و ژماره‌یه‌كی زۆری فه‌رمانبه‌ریشی هه‌یه، زیانی گه‌وره‌ی بۆ ده‌بێت.
سه‌عید به‌دری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتییانی عێراق له سایه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی حكوومه‌ت، بێكار بوونه.
ئه‌و شرۆڤه‌كاره سیاسییه گوتیشی، له ئه‌نجامی ئه‌م بێكارییه‌ی ڕووبه‌ڕووی هاووڵاتییانی عێراق بووه‌ته‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆریان ناویان له چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تیی نووسیوه و مووچه وه‌رده‌گرن.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، عێراق پێویستی به سیاسه‌تێكی نوێیه بۆ دامه‌زراندن و زیاتریش گرنگی به كه‌رتی تایبه‌ت بدات.
هۆشدارییه‌كان له‌باره‌ی پشتبه‌ستنی عێراق به تاكه سه‌رچاوه‌ی نه‌وت وه‌ك داهاتی سه‌ره‌كی و گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی كورتهێنان له بودجه، به‌رده‌وامن و ئابووریناسان پێیان وایه، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق له به‌ڕێوه‌بردنی دۆسيیه‌ی ئابووری وڵات په‌یڕه‌وی سیاسه‌تێكی تۆكمه‌ی ئابووری نه‌كات و بڕیاری ئابووری له ده‌ستوه‌ردانی سیاسی و حزبی دوور نه‌خاته‌وه، ئه‌وا قه‌یرانێكی گه‌وره چاوه‌ڕێی عێراق ده‌كات.
به‌تایبه‌ت كه نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان ناجێگیره و له ئه‌گه‌ری هه‌ر دابه‌زینێكی كه‌م، ئايینده‌ی ئابووریی رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی گه‌وره ده‌بێته‌وه، بۆ به‌لاوه‌نانی مه‌ترسییه‌كانیش ژماره‌یه‌ك جێگره‌وه ده‌خه‌نه ڕوو، گرنگترینیان، فره‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتن.
هه‌رچه‌نده له‌م ساڵانه‌ی دوایی، تا دێت قه‌باره‌ی داهات ڕوو له زیادبوونه، به‌ڵام ئه‌م زیادبوونه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی میچی بودجه‌ی گشتیی ده‌وڵه‌ت و خه‌رجییه‌كان، كه بۆ هه‌مووی ته‌نها پشت به داهاتی نه‌وت ده‌به‌سترێت. پێشتریش چه‌ندین جار سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هۆشداریی له‌وباره‌یه‌وه داوه و هه‌میشه جه‌ختی له دابه‌زاندنی ئاستی پشتبه‌ستن به نه‌وت و فره‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتی نانه‌وتی بۆ عێراق كردووه‌ته‌وه.
دوایین بودجه‌ی عێراق كه گه‌وره‌ترین قه‌باره‌ی مێژوویی له‌و وڵاته هه‌بووه و له ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو له په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر درا، گه‌یشته 211 ترلیۆن و 900 ملیار دینار، له‌كاتێكدا كۆی داهاتی ساڵانه‌ی عێراق 147 ترلیۆن و 800 ملیار دیناره، له‌و ژماره‌یه‌ش به بڕی 120 ترلیۆن و 400 ملیار دینار پشت به نه‌وت ده‌به‌سترێت. له به‌رامبه‌ریشدا قه‌باره‌ی داهاته نانه‌وتییه‌كان ته‌نها 27 ترلیۆن و 300 ملیار دینار.
پسپۆڕانی ئابووری له‌و باوه‌ڕه‌دان، چه‌ند هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوونه‌ته هۆی له‌رزۆكی له ئابووری عێراق، له‌وانه‌ش: به‌رزبوونه‌وه‌ی خه‌رجییه گشتییه‌كانی ده‌وڵه‌ت، زیادبوونی ڕێژه‌ی كورتهێنانی دارایی، نه‌بوونی فره‌سه‌رچاوه‌ی داهات و پشتبه‌ستن به ته‌نها یه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات.
دوای پەسەندکردنی خشته‌كانی خه‌رجییه گشتییه‌كان و بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان، قه‌باره‌ی بودجه‌ی گشتیی عێراق به رێژه‌ی 7% به‌راورد به بودجه‌ی ساڵی 2023 زیاتر بووه، به‌مه‌ش قه‌باره‌ی كورتهێنان گه‌یشتووه‌ته زیاتر له 64 ترلیۆن دینار و ئابووریناسانیش هۆشداری له‌و قه‌باره گه‌وره‌یه‌ی كورتهێنان ده‌ده‌ن و جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق په‌یڕه‌وی سیاسه‌تێكی تۆكمه‌ی ئابووری نه‌كات، له‌كاتی جێبه‌جێكردنی خشته‌كانی یاسای بودجه ڕووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین قه‌یرانی دارایی ده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌ت كه نرخی نه‌وت له جیهان جێگیر نییه و له ئه‌گه‌ری هه‌ر دابه‌زینێكی كه‌میش، چاره‌نووسی ئابووری عێراق ده‌كه‌وێته مه‌ترسی.
هه‌روه‌ها شاره‌زایانی ئابووری بۆ به‌لاوه‌نانی ئه‌و مه‌ترسییانه، چه‌ند چاره‌سه‌رێك بۆ حكوومه‌تی عێراق ده‌خه‌نه‌ڕوو، ئه‌وانیش: فره‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات، دوورخستنه‌وه‌ی بڕیاری ئابووری له ده‌ستوه‌ردانی سیاسی و حزبی، چاكسازی ئیداری و دارایی و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی ده‌وڵه‌ت.