نزیکەی دوو ملیۆن کورد لە ئەورووپا مافی دەنگدانی هەیە

ئاڵای یەکێتیی ئەوروپا
ئاڵای یەکێتیی ئەوروپا

نزیکەی دوو ملیۆن کورد لە سەرتاسەری ئەورووپا مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی بەربژێرانی پەرلەمانی ئەورووپا هەیە، حەوت بەربژێری کوردیش کە دووانیان پێشتر ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا بوون لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکانی سوێد، خۆیان بەربژێر کردووەتەوە.

لە 6ـی حوزەیران دەنگدان دەستیپێکرد  و سبەی 9ـی مانگ کۆتایی دێت ، هەڵبژاردن لە سوێد دەستی پێکردووە و تاکو ئێستا لە سەدا 78 خەڵکی سوێد دەنگی داوە، دوو پارتی گەورەی دەسەڵاتداری سوێد کە سۆسیال دیموکرات و مۆدراتەکانن، سۆشیال دیموکراتەکان پێنج کورسیان بەدەستهێناوە،  مۆدراتەکانیش چوار کورسیان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا چاوەڕێی ڕێژەی سەدا 22 ـی ئەو خەڵکە دەکەن کە هێشتا دەنگیان نەداوە.

شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر ڕاستڕەوەکان بێنە سەر دەسەڵات، دیموکراسی لە ئەورووپا دەکەوێتە مەترسی.

720 کورسی بۆ 27 وڵات لە پەرلەمانی ئەورووپا تەرخانکراوە، لە سوێد 353 کەس خۆیان لە هەشت پارت بۆ 21 کورسی  پەرلەمانی ئەورووپا لە سوێد بەربژێر کردووە کە سبەینێ یەکلایی دەبێتەوە، هەر کەسێک کە بیەوێ لەو هەڵبژاردنە سەرکەوتوو بێت، پێویستە لە سەدا چواری هەموو دەنگەکان بێنێت، ڕاستڕەوەکانیش لە زۆربەی  وڵاتانی ئەورووپا لە دەسەڵاتدان، بۆیە مەترسی هەیە ئەمجارەش ڕاستڕەوەکان دەنگی زۆرینە بەدەست بێنن.

شرۆڤەکاران پێیان وایە بە هاتنە دەسەڵاتی ڕاستڕەوەکان، باروودۆخی پەنابەران زۆر خراپ دەبێت، بەتایبەت ئەوانەی تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.

پارتەکان بەردەوامن لە بانگەشەکردن بۆ پارتەکانی خۆیان، لە سەرتاسەری ئەورووپا 400 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، نزیکەی دوو ملیۆن کوردیش لە ئەورووپا مافی دەنگدانی هەیە، حەوت بەربژێری کورد هەیە، چوار لەو بەربژێرانە لە وڵاتی دانیمارکن، دوو لە وڵاتی لە سوێدن، ئەوانەی لە سوێدن، یەکیان ئەڤین ئینجیرە کە پێشتریش ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا بووە و سەر بە سۆسیال دیموکراتەکانی سوێدن، یەک لە بەربژێرەکانی لە ئەڵمانیا.

کاندیدانی کورد بۆ پەرلەمانی ئەورووپا ئەمانەن.

دیانا غەفور لە پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد

ئەڤین ئینجیر-سۆسیال دیموکراتی سوێد

ئۆزلەم دەمیرەل-پارتی چەپی ئەڵمانیا

ئیبراهیم بەنلی-یەکگرتووی دانیمارک

باریکان ئیسماعیل-مۆدرات- دانیمارک

تەنەر گەنج- پارتی گەلی سۆسیالیستی دانیمارک

هەدیە تەمیز- چەپی ڕادیکاڵ- دانیمارک

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی یەکێتیی ئەورووپا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا هەموو پێنج ساڵ جارێک لە پێنجشەممەوە تا یەکشەممە دەکرێت، هەڵبژاردنی 2024 لە 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە ڕۆژی پێنجشەممە 6ی حوزەیران تاودەستیپێکرد، یەکشەممە 9ی حوزەیران تەواو دەبێت.

بەپێی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، دەنگدانەکە ڕۆژی پێنجشەممە 6ی حوزەیران لە هۆڵەندا هەڵبژاردن دەستی پێ کرد، دواتر خەڵکی ئێرلەند ڕۆژی هەینی 8ی حوزەیران و هاووڵاتییانی لاتیڤیا و ماڵتا و سلۆڤاکیا  ڕۆژی شەممە 8ی حوزەیران دەنگیان بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دەدەن.

ڕاگەیاندنی پەرلەمانی یەکێتییی ئەورووپا ئاشکرای کردووە، دەنگدان لە ئیتاڵیا ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە بەڕێوە دەچێت، 20 وڵاتی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا (نەمسا، بەلجیکا، بولگاریا، کرواتیا، قوبرس، دانیمارک، ئیستۆنیا، فینلەندا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، هەنگاریا، لیتوانیا، لۆکسمبورگ، پۆڵەندا، پورتوگال، ڕۆمانیا، سلۆڤینیا، ئیسپانیا و سوید) هەڵبژاردنەکانی خۆیان لە ڕۆژی یەکشەممە 9 حوزەیران دەکەن و ئەنجامەکانی دەنگدانیش لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بڵاو دەکرێنەوە.

181 کاندید لە سوید پیاون، 172 کاندیدیش ژنن، دوو پارت کاندیدی ژن و پیاویان یەکسانن کە پارتی ناوەراست و دیموکرات مەسیحیەکانن،پارتێکی چەپیش لە سەدا73 بەربژێرەکانیان ژنن.

Fly Erbil Advertisment