پێشمەرگە ئاگری دەغڵ و دانی گوندی سعودیە و دەورووبەری دەکوژێنێتەوە

ئاگری دەغڵ و دانی گوندی سعودیە
ئاگری دەغڵ و دانی گوندی سعودیە

پێشمەرگە ئاگری دەغڵ و دانی گوندی سعودیە و دەورووبەری دەکوژێنێتەوە

پێشمەرگەکانی لیوای هەشتی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، ئاگری دەغل و دانی گوندی سعودیە و دەورووبەریان کوژاندەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی ئاگر لە دەغڵ و دانی گوندی سعودیە و دەوروبەری لە سنوری رەبیعە کەوتەوە، پێشمەرگەکانی فەوجی یەکی لیوای 8ـی پیادە، وەک ئەرکی هەمیشەیی و نیشتیمان پارێزی خۆیان، ئاگرەکەیان کوژاندنەوە و دەغڵ و دانی ناوچەکەیان لە سووتانی زیاتر و جووتیارانی ناوچەکەیان لە زیانێکی زۆری ماڵیی پاراست.

بە گوتەی بێوار عەبدولعەزیز کە پێشتر ڕایگەیاند، لە ماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا 86 دۆنمی گەنم لە سنووری پارێزگاری دهۆک سووتاون و ئەگەر تیمەکانیان بە خێرا ئاگرەکانیان کۆنتڕۆڵ نەکردبا، قەبارەی زیانەکان زیاتر دەبوو. گوتیشی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 431 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە پۆش و پاوان تۆمارکراون.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، "لەبەر ئەوەی وەرزی درێنەوەی گەنمە و لەم دواییەدا چەند ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون، 24 تیممان بەسەر ئەو ناوچانەدا بڵاوە پێکردووە کە بنکەی ئاگرکوژێنەوە لێیان دوورن. بۆ ئەوەی ئەگەر ئاگر لە گەنمی جووتیاران کەوتەوە، لە زووترین کاتدا کۆنتڕۆڵی بکەن".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە پێویستیشی زانی جووتیاران پابەندی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ببن و "لە کاتی ئاگرکەوتنەوە لە کێڵگەی گەنمەکەیان، بە زووترین کات پەیوەندی بە ژمارە 115ـەوە بکەن بۆ ئـەوەی تیمی ئاگرکوژێننەوە بۆ شوێنی ڕووداوەکە بنێرین".

Fly Erbil Advertisment