کەمی بڕی گەنمی وەرگیراو لەلایەن عێراقەوە، جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە
K24 – دهۆک:
دوای هەوڵە بەردەوامەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، دەرگای سایلۆكان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران كرایەوە، ئەمە لەكاتێكدایە ئەو بڕە گەنمەی كە بڕیارە وەربگیرێت، ناڕەزایەتی جووتیارانی لێكەوتووەتەوە.
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆی فایدە ڕاگەیاند، ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی حکوومەتی عێراق بڕی وەرگرتنی گەنم لە سەرجەم جووتیارانی هەرێمی کوردستان 700 هەزار دیاری کراوە، کە ئەمەش ناڕەزایەتی جووتیارانی لێکەوتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەدا، لە پارێزگای دهۆک ئەمساڵ 798 هەزار دۆنم بە گەنم داچێندرابوو، بەڵام تەنیا ڕێژەکی کەمی گەنممان لەلایەن بەغدا پەسەندکراوە و وەردەگیرێت.
بە بڕیاری وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی عێراق ئەمساڵ تەنیا 24%ـی گەنمی پارێزگای دهۆک وەردەگیرێت، بەم هۆیەش ناڕەزایەتی جووتیارانی لێکەوتووتەوە.
ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە 700 هەزار تۆن دیاری کراوە، لە ڕێژەیەش 228 هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر، 282 هەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و 189 هەزار تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک.