عوسمان عەلی: داواکاریی بۆ گۆڕینی ناسنامەی ئێزدییەکان سیاسییە

K24 – هەولێر:
شارەزایەکی یاسایی، ڕایدەگەیەنێت، ئەو کارەی چەند پەرلەمانتارێکی عێراق کە ئەنجامیان داوە دژ بە ناسنامەی ئێزدییەکان، کودەتایەکە بۆ دابەشکردنی میللەتی کورد. هاوکات دەڵێت: ئێزدییەکان بەشێکن لە نەتەوەی کورد.
عوسمان عەلی، شارەزای یاسایی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24ـدا گوتی: لە ئەرکی پەرلەمانی لە ماددەی 3ــی دەستووری عێراقدا هاتووە هەر کەس سەربەستە ئەندامی چ نەتەوەیەک بێت، لە ئەرکی پەرلەماندا نییە نەتەوە دروست بکات.
ئەو شارەزا یاساییە دەڵێت: چەند پەرلەمانتارێک لەژێر فشاری چەند دامودەزگەیەک لە بەغدا هەستاون بۆ هەوڵدان بۆ گۆڕینی نەتەوەی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی عێراق.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، کتێبی پیرۆزی ئێزدییەکان بە زمانی کوردییە و بە کرمانجی نووسراوە، زمان و کولتووریشیان هەر کوردییە، هەروەها ئەو کارەی چەند پەرلەمانتارێکی عێراق کە ئەنجامیان داوە کودەتایەکە بۆ دابەشکردنی میللەتی کورد.
جەختی لەوەش کردەوە، ئێزدییەکان بەشێکن لە نەتەوەی کورد و داواکاریی بۆ گۆڕینی ناسنامەیان سیاسییە.
ڕۆژی شەممە (8ـی حوزەیرانی 2024) ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییەکان ڕایگەیاند، بە توندی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ناسنامەی ئێزیدی لە کوردەوە بۆ هەر نەتەوەیەکی دیکە و دەستکاریکردنی ئەم شوناسە ڕەت دەکاتەوە، ئێزیدییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کورد و ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و ڕۆشنبیرییان بە قووڵی لە خاکی کورد دا چەسپاوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە چەند پەرلەمانتارێکی سەر بە گرووپە میلیشیکانی عێراق، ئیمزایان کۆ کردووەتەوە بە ئامانجی ئەوەی لەنێو پەرلەمانی عێراق بە یاسا، ناسنامەی نەتەوەیی ئێزدیەکان لە کوردی بگۆڕن بۆ عەرەبی، ئەو هەوڵەش نیگەرانیی و ناڕەزایی ئێزدییەکانی لێ کەوتووەتەوە و بڕیاریان داوە ئەو پرسە بگەیەننە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چونکە پێیان وایە هەوڵی گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەییان، تەواوکردنی کارە تەوانەکراوەکانی داعشە دژ بە ئێزدیەکان.
هاوکات پارێزگاری دهۆک کۆمەڵێک بەڵگەنامەی بڵاو کردووتەوە کە پشتڕاستی دەکاتەوە ناسنامەی نەتەوەیی ئێزدییەکان کوردییە.
رۆژی (5ـی حوزەیرانی 2024) زێدۆ باعەدرێ، ڕاوێژکار لە پەرلەمانی کوردستان و کەسایەتی ئێزدی لەبارەی ئەو هەوڵە بەرامبەر گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی ئێزدییەکان بە کوردستان24ـی گوتبوو: کەسانێک دەستیان بەوە کردووە ناسنامەی ئێمە بگۆڕن بە ناسنامەیەکی نوێی نەتەوەیی، ئەوە لەگەڵ ئێزدیەکان ناگونجێ، چونکە ئێمە کوردین و کوردستانیین.
گوتبووشی: پەرلەمانی عێراق کاری ئەوەیە تاوانبارانی داعش بداتە دادگا، بەڵام لەبری ئەوە هەوڵدەدات ناسنامەی نەتەوەیی ئێزدیی و کوردایەتی ئێمە بگۆڕن.
باسی لەوەش کردبوو، ئەوانەی ئەو ئیمزایانەیان کۆ کردووەتەوە، عەرەبی شۆڤێنیەکانن، کارە تەوانەکراوەکانی داعش تەواو دەکەن بەرامبەر ئێزدییەکان.