دەم پارتی داوای خۆپیشاندانی جەماوەری دژی سەپاندنی قەیوم دەکات

بارەگای سەرەکی دەم پارتی
بارەگای سەرەکی دەم پارتی

گوتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، گردبوونەوەیەکی فراوانی جەماوەری دژی سەپاندنی قەیوم ڕێک دەخات.

ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، ڕۆژی 13ـی حوزەیران لە پێناو دیموکراسی ڕەتکردنەوەی سیستەمی قەیوم، گردبوونەوەیەکی جەماوەریی فراوان لە جۆلەمێرگ دەکەن.

ڕاشیگەیاند، دەبێت وەزارەتی ناوخۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی بۆ پارتەکەی بگەڕێنێتەوە و چونکە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی سەرۆکێکی نوێیان هەڵبژاردووە.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، هەفتەی ڕابردوو لە دوای دەستگیرکردنی محەممەد سدیق ئاکش و دوورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی جۆلەمێرگ، کەسێکی بە قەیوم بە سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ ڕاسپارد، دواتر لە دادگای تاوانەکانی شارەکە، سزای 19 ساڵ و شەش مانگ بە تاوانی سەرکردایەتیی گرووپێکی تیرۆریستی بۆ ئاکش دەرکرا. دوای ئەمەش ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەکە، ڤیان تێکچەیان بە سەرۆکی نوێی شارەوانی جۆلەمێرگ هەڵبژارد و ئێستا ئەو پۆستە بە مافی پارتەکەیان دەزانن و داوای دەکەنەوە.

 ئایشەگوڵ دۆغان گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێ: پێویستە وەزارەتی ناوخۆ پۆستەکە لەبری قەیوم، بۆ خاوەنی ڕاستەقینەی بگەڕێنێتەوە کە ئەویش ڤیان تێکچەیە و لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی جۆلەمێرگ هەڵبژێردراوە".