سوێدییەکان بۆیان گرنگ نییە چی لە پەرلەمانی ئەورووپا دەگوزەرێت

ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پارتە ڕاستڕەوەکانی دژ بە پرسی پەنابەران و یەکێتی ئەورووپا، نزیکن لە سەرکەوتن و بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا.
ئاوارە هەورامی پەیامنێری کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، سوێدییەکان بۆیان گرنگ نییە چی لە پەرلەمانی ئەورووپا گوزەر دەکات، چونکە ئەوان پێیان وایە یەکێتی ئەورووپا بۆیان گرنگ نییە و دەیانەوێت لێی دەربچن.
پەیامنێری کوردستان 24 لە بەلجیکا، بارزان حەسەن ڕایگەیاند، لە بەلجیکا کاتژمێر هەشتی ئێوارە دەنگدان کۆتایی دێت، لەگەڵ ئەوەی
میدیاکانی بەلجیکا ئاماژە بەوە دەکەن، پارتی فلاندەرز کە پارتی ڕاستڕەوی توندڕەوی دژ بە پەنابەران و یەکێتی ئەورووپایە، دەیەوێ هەرێمێکی سەربەخۆ لە بەلجیکا دروستبکات، هەر بەپێی ئەو ڕاپرسییانە، پارتی فلاندەرز نزیکە لەوەی سەدا 27ـی دەنگەکان بەدەست بێنی.
هاووڵاتییەکی کورد بەناوی نەوازد لە بەلجیکا کە مافی دەنگدانی هەبوو بۆ کوردستان24 گوتی، سەرلەبەیانی زوو ژامارەیەکی زۆری خەڵکی بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد، نەوزاد ئاشکرای کرد، لە بەلجیکا هیچ کاندیدێکی کورد بۆ هەڵبژاردنەکە نەبوو، بەڵام دەنگ بەوانە دەدەن کە نزیکن لە پرسی پەنابەران و کۆچبەران، دەشڵێت، خەڵک ترسی لە ڕاستڕەوەکان هەیە، گوتی، پێویستە کوردەکان بیر لەوە بکەنەوە دەنگ بەوانە بدەن کە هاوسۆزن لەگەڵ مافی میللەتان بەگشتیی.
لە لایەکی دیکەوە،ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان 24 لە سوێد ئاشکرای کرد،دوێنێ هەشتا لە سەتی خەڵکی سوێد دەنگی دا، ئەمڕۆ سەدا بیستەکەی دیکە مافی دەنگدانی خۆی جێبەجێ دەکات.
ئاوارە هەورامی ئاماژەی بەوە کرد، خەڵک بۆی گرنگ نییە کە لە پەرلەمانی ئەورووپا چی ڕوودەدات و زۆریان ئاگایان لە هەڵبژاردن نییە، ئەوان پێیان وایە یەکێتی ئەورووپا بۆ سوێد گرنگ نییە و دەیانەوێت لە یەکێتی ئەورووپا بێنە دەرەوە.
هەورامی گوتی، سەرۆکی پارتە گەورەکان لە دەرگای ماڵەکان دەدەن و داوا دەکەن دەنگ بەو لیستانە بدەن کە ئەوان لیستەکانیان پێیان دەدەن، ئەو سەکردانە سیاسەتی پارتەکانیان بۆ خەڵکی ڕوون دەکەنەوە، دەشڵێت، کوردەکان زیاتر لەگەڵ چەپەکان هاوسۆز بوون کە پێیان وابوو پشتیوانیی لە پەنابەران دەکەن، بەڵام دەرچوو هیچ یەک لە بلۆکەکان لە بەرژەوەندیی پەنابەران نەبوون.
بەشێکی زۆری ئەو سوێدیانەی پێیان وایە کە وڵاتەکەیان کەوتووەتە ژێر هەڕەشەی پەنابەران، ئێستا بوونەتە ئەندامی پارتە توندڕەوەکانی وەک پارتە دیموکراتەکانی سوێد لەگەڵ پارتی دمۆراتەکان کە دژی پەنابەرانن، بەڵام ئەو دوو پارتە ئاماژە بەوە دەکەن کە دژی پەنابەران نین و زۆرێک لە پەنابەران ئەندامی پارتەکانی ئەوانن.
ئاوارە هەورامی ئاشکرای دەکات، تا کاتژمێر 9ـی شەو خەڵک دەتوانێت بچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بدەن، دوو بەربژێری کوردیش لە سوێد هەیە کە ئەڤین ئینجیر و دیانا غەفورن، ئەڤین پێشتر ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا بووە لە لیستی سۆسیال دیموکراتەکان، دیاناش کچێکی کوردە، بە گەنجێتی لەنێو پارتی سۆسیال دیموکرات بووە، ئێستا بەربژێری ژمارە 17 یە، دیانا خۆی و بنەماڵەکەی سەرقاڵی بانگەشەن بۆی، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ئەڤین ئینجیر کە سەر بە سۆسیال دیموکراتەکانە بۆ پەرلەمانی ئەورووپا، ئەگەری نەوەت لە سەدی هەیە بۆ سەرکەوتن.