دیانا غەفور کاندیدی سۆسیال دیموکراتی سوێد: دەمەوێ پرسی کورد بە هاووڵاتییانی ئەورووپا بناسێنم

دیانا غەفور، کاندیدی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد
دیانا غەفور، کاندیدی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد

کاندیدێکی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد کە کچێکی کوردی باشووری کوردستانە دەڵێت، پێویستم بە پشتیوانیی کوردانە بۆ دەرچوون، بۆ ئەوەی بتوانم پرسی کورد بە هاووڵاتییانی ئەورووپا بگەیەنم.

رۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024)، پرۆسەی دەنگدان بۆ پەرلەمانی ئەورووپا  لە سوێد و وڵاتانی ئەورووپا کۆتایی دێت و ئەنجامە بەراییەکان کاتژمێر 11ـی ئەمشەو بڵاو دەکرێنەوە.

بەپێێ زانیارییەکان، 353 کاندید لە سوێد خۆیان بۆ پەرلەمانی ئەورووپا بەربژێر کردووە ، تەنها لە لیستی سۆسیاڵ دیموکرات 35 کاندید هەن، لەو ژمارەیە 181کاندیدی پیاو، 171 کاندیدی ژن هەن.

دیانا غەفور کچێکی باشووری کوردستانە و باوکی خەڵکی شاری کەرکووکە و دایکی خەڵکی ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لەسەر لیستی سۆسیاڵ دیموکرات خۆی بەربژێر کردووە، بۆ کوردستان24 گوتی، پێویستم بە پێنج هەزار دەنگ هەیە، خەڵکێکی زۆر لە سوێد و دەرەوەی سوێد پاڵپشتیی منیان کردووە و هاوکاریی منیان کردووە لەو هەڵبژاردنە، دەشڵێت، خەڵکێکی زۆر دەنگی خۆیان بەمن داوە، هەموو رۆژێک نامەم بۆ دەنێرن، وێنەی لیستەکەم بۆ دەنێرن و بۆم دووپات دەکەنەوە کە دەنگیان بەمن داوە.

دیانا غەفور  ئاماژە بەوە دەکات کە دەیەوێت کورد بە دونیا و ئەورووپا بناسێنێت، دەڵێت، دەتوانین کار لەسەر ئەوە بکەین و ئەو دەنگانە زیاد بکەین، دەشڵێت، من چوومە نێو دڵی کوردەکان، پێویستە لۆبیەکی گەورە بۆ کورد دروست بکەین و هاووڵاتییانی ئەورووپا کورد بناسن.

بەپێی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، دەنگدان ڕۆژی پێنجشەممە 6ی حوزەیران لە هۆڵەندا دەستی پێ کرد، دواتر خەڵکی ئێرلەند ڕۆژی هەینی 8ی حوزەیران و هاووڵاتییانی لاتیڤیا و ماڵتا و سلۆڤاکیا  ڕۆژی شەممە 8ی حوزەیران دەنگ بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دراوە.

ڕاگەیاندنی پەرلەمانی یەکێتییی ئەورووپا ئاشکرای کردووە، دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە چیک ڕۆژانی هەینی و شەممە کراوە بوون، لە کاتێکدا دەنگدان لە ئیتاڵیا ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە بەڕێوە چوو، 20 وڵاتی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا (نەمسا، بەلجیکا، بولگاریا، کرواتیا، قوبرس، دانیمارک، ئیستۆنیا، فینلەندا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، هەنگاریا، لیتوانیا، لۆکسمبورگ، پۆڵەندا، پورتوگال، ڕۆمانیا، سلۆڤینیا، ئیسپانیا و سوید) هەڵبژاردنەکانی خۆیان لە ڕۆژی یەکشەممە 9 حوزەیران کرد و ئەنجامەکانی دەنگدانیش لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاو دەکرێنەوە.

لەو هەڵبژاردنە چەندین گۆڕان لە دەسەڵاتی یاسادانان بەدی دەکرێت و دیارترینیان بریتییە لە زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان، کە لە 705 کورسییەوە دەبێتە 720 کورسی.

پێشتر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا 705 کورسی بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەبێتە 720 کورسی، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان، بڕیارە لە خولی ئەمجارەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا ژمارەی کورسییەکانی 12 وڵات زیاد بکات.

Fly Erbil Advertisment