قادر کەسیرگا، ئەندامی پەرلەمانی سوێد: ئەڤین ئینجیر زۆر نزیکە لە سەرکەوتن

ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی سوێد ئاشکرای دەکات، ئەڤین ئینجیر، کاندیدی کوردی دانیشتووی سوێد بۆ پەرلەمانی ئورووپا لەسەر لیستی سۆسیال دیموکرات زۆر نزیکە لە سەرکەوتن.
رۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024)، قادر کەسیرگا، ئەندامی پەرلەمانی سوێد بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، کاندیدانی ڕاستڕەوەکان لە سەرانسەری ئەورووپا نزیکن لەوەی ئەنجامی باش بەدەست بێنن، بەتایبەت کە کار لەسەر پرسی پەنابەران و دژی ئیسلام دەکەن، دەڵێت، ئێمەش وەک پارتی سۆسیال بەرامبەر ئەو پارتانە خەباتی خۆمان دەکەین، هەوڵ دەدەین مافی مرۆڤ بپارێزین، کار لەسەر بنەمای پەنابەران و ترس و دژایەتی کردنی ئیسلام ناکەین.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە هەیە و گوایە هەردوو بلۆکی ڕاست و چەپ دژی پەنابەرانن، قادر کەسیرگا گوتی، هەردوو بلۆکی ڕاست و چەپ وەک نین بەرامبەر پەنابەران، بلۆکی چەپ مافی پەنابەران و مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەپارێزێت، پارتەکەی ئێمە لەگەڵ ئەوەیە مافی ئافرەتان و کرێکاران بپارێزێت.
لەبارەی کاندیدە کوردەکانیش، ئەو ئەندام پەرلەمانەی سوێد گوتی، لە سوێد ئەڤین ئینجیر هەیە لەسەر لیستی سۆسیال دیموکرات، ئەو زۆر ئومێدی پێدەکرێت دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت، هەروەها دیانا غەفور کاندیدێکی دیکەی کوردە هەر لە لیستی سۆسیال دیموکرات، دەشڵێت، ئێمە تاوەکوو دوا کات کار بۆ سەرخستنی کاندیدەکانمان دەکەین و هیوا خوازین کە ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین، ئاماژەی بەوەشکرد کە بۆ گەلی کوردستان ئەو دەنگانە زۆر گرنگن.
بەپێی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، دەنگدان ڕۆژی پێنجشەممە 6ی حوزەیران لە هۆڵەندا دەستی پێ کرد، دواتر خەڵکی ئێرلەند ڕۆژی هەینی 8ی حوزەیران و هاووڵاتییانی لاتیڤیا و ماڵتا و سلۆڤاکیا ڕۆژی شەممە 8ی حوزەیران دەنگ بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دراوە.
ڕاگەیاندنی پەرلەمانی یەکێتییی ئەورووپا ئاشکرای کردووە، دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە چیک ڕۆژانی هەینی و شەممە کراوە بوون، لە کاتێکدا دەنگدان لە ئیتاڵیا ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە بەڕێوە چوو، 20 وڵاتی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا (نەمسا، بەلجیکا، بولگاریا، کرواتیا، قوبرس، دانیمارک، ئیستۆنیا، فینلەندا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، هەنگاریا، لیتوانیا، لۆکسمبورگ، پۆڵەندا، پورتوگال، ڕۆمانیا، سلۆڤینیا، ئیسپانیا و سوید) هەڵبژاردنەکانی خۆیان لە ڕۆژی یەکشەممە 9 حوزەیران کرد و ئەنجامەکانی دەنگدانیش لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاو دەکرێنەوە.
لەو هەڵبژاردنە چەندین گۆڕان لە دەسەڵاتی یاسادانان بەدی دەکرێت و دیارترینیان بریتییە لە زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان، کە لە 705 کورسییەوە دەبێتە 720 کورسی.
پێشتر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا 705 کورسی بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ دەبێتە 720 کورسی، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی کورسییەکان، بڕیارە لە خولی ئەمجارەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا ژمارەی کورسییەکانی 12 وڵات زیاد بکات.